دێری مۆر گابریێل

    پرۆفایلی پێگە

    دێری مۆر گابریێل بە دووری 2 کم دەکەوێتە باکوری قەراتمین، لە قەزای میدیات، لە باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا. ئەم دێرە گەورەیە، لە سەرەتادا لە سەدەی چوارەمی زاینی دا بنیاتنراوە. لە کۆمەڵێك کڵێسە و ژووری مردوناشتن و ژووری میوان و تەویلەیەك پێکدێت. سترەکەچەرە کۆنەکانی شوێنەکە چەند جارێك لەسەریەك بنیاتنراونەتەوە. بەپێی گۆڕانی کارو فرمان و مەبەستی شوێنەکە، بەپێی تێپەڕبوونی کات بینا و بەشی نوێی بۆ زیادکراوە.

    بەشی دەرەوەی خەڵوەتگاکە و سروشتی چواردەوری شوێنەکە

    دەروازەکانی چونەژوورەوە

    کڵێسای سەرەکی (بەشی دەرەوەی) و داڵانەکەی تەنیشتی

    کڵێسای سەرەکی (مەجاز (نارسێکس) و بەشی ناوەوەی)

    ژووری چوونەژوورەوە بۆ گومەزی سیۆدۆرا

    ڕاڕەوی شێوە کەوانەیی

    کڵێسای دایکی خودا (بەشی ناوەوەی)

    حەوشی باکوری ڕۆژئاوا

    بێس قادیشە (بەشی ناوەوە)

    بەشی چێشتخانە

    ئاستەکانی سەرەوە

    بۆ تێگەیشتن لە ڕایەڵەی بیناسازی ئەم دێرە، باشترە کە سترەکچەرەکان بە دوو بەشەوە پۆلێن بکەین: بەشی یەکەمیان ئەو بینایانە دەگرێتەوە کە مێژووەکەیان بۆ سەدەی 4 بۆ 6ی زاینی دەگەڕێتەوە، و هەموو ئەو بینایانە لەسەر ئاستی ڕووی زەوی یان لە ژێر زەوین دەگرێتەوە. بەشی دووەمیان ئەو بینایانە دەگرێتەوە کە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم و دواتردا دروستکراون.

    ئە و بینایانەی کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی 4-6ی زاینی

    کۆنترین سترەکچەرەکانی ئەم شوێنە کڵێسای سەرەکی (کڵێسای مۆر گاربیێل)، گومەزی سیۆدۆرا و ژوورەکانی تەنیشتی، ئەو ڕاڕەوەی کە بۆ ڕۆژئاوا دەڕوات، ژووری مردووناشتن (بێس قەدیشە)، کڵێسای مەریەمی پاکیزە و ژوورەکانی تەنیشتی دەگرێتەوە. کۆمەڵێك بینای تری کۆنیش دەکەونە دەرەوەی دێرکە، وەکو تاقی مۆر گابریێل، گومەزی میسریەکان، و خەزانێکی گەورە بۆ کۆکردنەوەی ئاوی باراناو.  

    کاتێک تیمی MMM سەردانی ئەم شوێنەیان کرد لە مانگی شەشی ساڵی 2015دا بۆ تۆمارکردنی ئەم شوێنە، کڵێسای مۆر گابریێل داخرابوو بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە. بەڵام، ئەم شوێنە زۆر بە ووردی تاریفکراوە لە لایەن گێرترود بێل و هانس هۆڵەروێگەرەوە.Bell 1982, 6–10, 31–35; Hollerweger 1999, 60–91 کڵێساکە لە مەجازێك و شوێنێکی دانیشتن، سێ شوێنی بچوکی خەڵوەت، و سێ ژووری مردووناشتن پێکهاتووە. مەجازی کڵێساکە لەسەر ئەرکی ئیمپراتۆر ئەناستاسیۆس لە ساڵی 512ی زاینیدا دروستکراوە. ئەم مەجازە، دەکەوێتە بەشی ڕۆژئاوای کڵێساکەوە و میچەکەی شێوە سێگۆشەییە و بە خشت دروستکراوە. لەم شوێنەوە، دەرگایەکی یەك تاکی هەیە کە دەچێتەوە سەر شوێنی دانیشتنی کڵێساکە. ئەم شوێنی دانیشتنە لە شێوەی هۆڵێکی گەورەی شێوە بەرمیلی میچ شێوەتاقیدایە. پەنجەرەی بچوك لەسەر دیواری بەشی باشوری شوێنەکە ڕووناکی دەهێننە ناو ئەم ژوورەوە. لە کۆندا، لە ناوەڕاستی شوێنی دانیشتنی کڵێساکەدا تەختەبەردێکی گەورە هەبوو، کۆمەڵێك هەڵکۆڵینی لە سەربوو کە مێژووەکەی بۆ سەدەی هەشتەمی زاینی دەگەڕایەوە، و ئەم تەختەبەردە وەك لاکتێرن (شوێنی دانانی کتێب و پەڕاو بۆ کاتی ووتارخوێندنەوە) بەکاردەهات (لە ئێستادا تەختەبەردەکە لە ناو گومەزی سیۆدۆرا دانراوە).

    سێ دەرگا لە شوێنی سەرەکی دانیشتنی کڵێساکەوە دەچنەوە سەر سێ ژووری خەڵوەتی شێوەبەرمیلی میچ  شێوە کەوانەیی، هەر یەکێك لەو ژوورانە میحرابێکیان تێدایە. دیوارە ئەستورەکەی ژووری خەڵوەتی ناوەڕاست هەڵکۆڵراوە و میچێکی شێوە گۆیی تێدا دروستکراوە و میحرابی سەرەکی کڵێساکەی تێدا دانراوە. زەوی و ژووری خەڵوەتەکانی ئەم کڵێسایە بە کاشی مۆزایك ڕازێنراونەتەوە. کاشی زەویەکە تەنها لە چەند بەردێکی گەورە پێکهاتووە، بەڵام کاشی ژووری خەڵوەتەکان زیاتر نەخشێنراون. لە ناوەڕاستیدا، وێنەی دیوی ناوەوەی خاچێك نیشاندەدات لەسەر زەویەکی ئاڵتونی. لە هەر چوار سوچی کاشیەکانەوە، گوڵ و گوڵزار نەخشێنراوە کە لە ئینجانەی دوو دەسکەوە هاتونەتەوە دەرەوە. ئینجانەکان بە بە دووبەشەوە نەخش کراون و هەر بەشێك جیاواز لەبەشەکەی تر نەخشێنراون. سێ هێڵی ڕازاوەی بازنەیی چواردەوری ژووری خەڵوەتەکانیان داوە. هێڵی یەکەم هێڵێکی شێوە چەتاڵیە و لە سێ ڕەنگ پێکهاتووە. هێڵی دووەم هێڵێکە لە ئەستێرەی هەشت لای هەڵکۆڵراو پێکهاتووە و هەر یەکێکیان خاڵێکی سپی لە ناودایە، و هێڵی سێیەم لە زنجیرەیەك لە هێڵکاری شێوە موعینی پێکهاتووە کە بە بازنەیەك کە سێ خاچی تێدا نەخشێنراوە لەیەك جیاکراونەتەوە. هاوشێوەی ئەم نەخش و نیگاركێشیە، لەسەر هەندێك کاشی مۆزایکی سەرەتای سەردەمی بێزەنتیەکان هەیە. و هەروەها لەسەر دیوارەکانی بەشی باکور و باشوری ژووری سەرەکی، لە ژێر ژوورە خەڵوەتەکاندا، کۆمەڵێك پارچە کاشی مۆزایك هەن. بەپێی گێڕانەوەکانی خەڵکی شوێنەکە بێت، لە کۆندا هەموو کڵێساکە بە مۆزایك نەخشێنراوە، بەڵام تەیموری لەنگ هەمووی خاپورکردووە، تەنها ئەم بەشە بچوکەی ناو ژووری خەڵوەتەکان نەبێت کە ماوەتەوە. ژووری خەڵوەتەکەی باشور، تاقێکی شێوە لاکێشەیی لە دیواری ڕۆژهەڵاتیدا هەڵکۆڵراوە. لە ژووری خەڵوەتەکەی سێیەمەوە، دەرگایەك دەچێتەوە سەر شوێنێکی مردووناشتن و میحرابێکی تێدایە. لە لای ڕۆژئاواوە، دوو شوێنی مردووناشتنی تر هەن. ئەم دوو شوێنە زۆر تاریکن و ئەو دەرگایەی لێوەی دەڕۆیت بۆ ئەم دوو شوێنە زۆر بچوکە و دەبێت تەواو خۆت ڕێکبەخەیت و خۆت بچوکبکەیتەوە تا بتوانیت پێیدا تێپەڕ ببیت.   

    بەرامبەر دەرگایەك کە دەچێتەوە سەر کراوەکەی مۆر گابریێل، ژوورێکی شێوە هەشت پاڵویی لێیە کە بە گومەزی سیۆدۆرا دەناسرێت. لەهەر لایەك لە هەشت لاکەی ئەم بینا گەورەیەوە، کونێکی گەورەی لاکێشەیی شێوە کەوانەیی هەیە. لەسەروو کەوانەکانەوە، گومەزێکی قوڵی لەبەرد و خشت دروستکراو بەرزدەبێتەوە کە تیرەکەی 10.5 مەترە. ئەم گومەزە لە دەرەوە ناتوانرێت ببینرێت. لەدەرەوە، وا دیارە کە بیناکە بە بلۆکی چوارگۆشە دروستکراوە و سەربانێکی ڕێکی هەیە. ئەم بینایەی ئێستا مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی زاینی، وەکو کڵێسایەك بۆ بۆنەی پیرۆزکردنی منداڵ بەکارهاتووە. ئەو تەختەبەردەی کە پێشتر ئاماژەی پێدرا لە ناوەڕاستی ئەم بینایەدایە. لەم شوێنەدا تەختەبەردەکە وەك مێزێك بەکار‌هێنراوە بۆ ئامادەکردنی نانی خەڵوەتگاکە. ئەمەش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بینایە لە سەردەمێکدا وەکو ژووری چێشتخانە بەکارهێنراوە. هەڵکۆڵینێکی سەر تەختەبەردەکە، کە بە زمانی سریانیە، وا نیشاندەدات کە لە لایەن 'زەکەریای عەین واردۆ'وە دروستکراوە و لەم شوێنەی ئێستایدا دانراوە لە ساڵی 77/776 ی زایندا. لەو کاتەوە، وا دیارە کە تەختەبەردەکە چەند جارێك شوێنەکەی گۆڕاوە لە نێوان گومەزی سیۆدۆرا و شوێنی سەرەکی دانیشتنی کڵێسای مۆر گابرێیل (کە لێرەشدا بۆ مەبەستی تر بەکارهێنراوە).

    کڵێسای دووەم، کە دەکەوێتە بەشی کۆتای ڕۆژئاوای ئەم خەڵوەتگایەوە، تایبەت بۆ مەریەمی پاکیزە تەرخانکراوە. لە دوو بەش بینای گەورە پێکدێت بە دەووری دوو داڵاندا. ڕاڕەوێکی درێژی شێوە کەوانەیی لە کراوەی مۆر گابریێلەوە دەچێتەوە سەر داڵانە بچوکەکەی باکوری کڵێسای مەریەمی پاکیزە. بە درێژایی ڕووی ڕۆژئاوای ئەم داڵانەدا، ڕێڕەوێکی درێژی میچ کەوانەیی هەیە کە لێیەوە دەرگایەك دەچێتەوە سەر کڵێساکە. لەسەر شێوەی بازیلیکا، بەشی ناوەوەی کڵێساکە بە سێ بەشەوە دابەشکراوە. میچێکی سێ سترەکچەری چەماوە هاوشێوە، سەر شوێنی سەرەکی کڵێساکە و ڕێڕەوەکانی كڵێساکەی گرتووە. لە بەشی باکوری تاقە شێوە کەوانەییەکەوە، دەرگایەکی بچوك دەچێتەوە سەر شوێنی ناشتنی مردووەکان، کە بە بێس قەدیشە (ماڵی قەدیشەکان) دەناسرێت. ئەم شوێنە گۆڕی کۆمەڵیك ڕەبەنی تێدایە.

    پاشماوەکانی کڵێسای سێیەم، کە تایبەتکراوە بە مۆر شێمون، دەکەونە نزیك لە خەڵوەتگاکە، لەگەڵ ئەم پاشماوانەدا، لە باکوری کڵێساکەدا، گومەزی میسریەکان هەیە. ئەمەش ژوورێکی هەشت پاڵویی گومەزییە کە لە دەرەوە شێوەکەی چوارگۆشەییە. کونەکانی ناو هەشت گۆشەکانی ئەم شوێنە، گۆڕی کۆمەڵێك ڕەبەنی تێدایە. گومەزەکە هاوشێوەی گومەزەکەی سیۆدۆرا وایە. زیاتر بە لای ڕۆژئاوادا، خەزانێکی گەورەی کۆکردنەوەی ئاوی باراناو هەیە، کە هەتا ئەمڕۆش بەکاردەهێنرێت. ئەم خەزانە سێ حەوزی بچوکی تێدایە کە 24 بە 20 م.Hollerweger 1999, 67.

    ئەو بینایانەی کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی بیستەم و دواتر:

    بەهۆی زنجیرەیەك لە پەلاماردان، جەنگ، برسێتی و قاتوقڕی، و چەوساندنەوە لەو ناوچەیەدا، دێری مۆر گابرێیل، بە درێژایی مێژووەکەی، چەند جارێك خاپوربووە و بەجێهێڵدراوە. دواین توندوتیژی کە بووە هۆی خاپوربوونی خەڵوەتگاکە، لەگەڵ هەندێك شوێنی تریش، پاش ڕاپەڕینی کوردەکان بوو لە ساڵی 1926.Palmer 1999, 46. لەو کاتەوە، چەند جارێك نۆژەنکراوەتەوە و چەند بەشێك بۆ بینا ڕەسەنەکانی شوێنەکە زیادکراوە. ئەو تایبەتمەندیانەی زیادکراون بریتین لە سەربانێکی نوێ بۆ کڵێسای مۆر گابریێل، لەگەڵ دوو تاوەری زەنگدا- یەکێکیان لە ساڵی 1971 دروستکرا و ئەوی تریشیان لە ساڵی 1979دا.  

    بەشێکی تەواو نوێ دروستکرا تا وەك شوێنی مانەوەی ڕاهیبە ئافرەتەکان، خێزانی مامۆستاکان، کۆمەڵێك ژوور بۆ پۆلی خوێندن، و هەروەها هەندێك ژووری میوان. لە ڕۆژهەڵاتی خەڵوەتگاکەوە، ژوورێکی تازە لەسەر هەندێك دیواری کۆن، بە بەکارهێنانی تەکنیکە کۆنەکان، بنیاتنراوەتەوە. لە کاتی نۆژەنکردنەوەکانی ئەم دواییانەدا، کۆمەڵێك ئاسەواری کۆن و بۆشایی نوێ و تەنانەت کۆمەڵێك ژووریش، کە دەکەونە ژێر گومەزی سیۆدۆرا، و ژوورێکی مردووناشتن لە ژێر کڵێسای مەریەمی پاکیزەدا دۆزراونەتەوە.

    سەرچاوە گشتیەکانی 'تاریف و سیمبول و دیمەنە هونەریەکان':Bell and Mundell Mango 1982, 8–9, 33–35; Hollerweger 1999, 72–74.

    دێری مۆر گابریێڵ مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەمی زاینی، ئەگەر کۆنتریش نەبێت (کۆمەڵێك بەڵگە هەن کە ئاماژە بە چالاکی ئاینی پێش ئاینی مەسیحی دەکەن لەم شوێنەدا). دێرەکە لە دەوروبەری ساڵی 350ی زاینیدا لە لایەن دوو ڕەبەنەوە، کە ناویان شموێلی ئەشتین و شاگردەکەی بەناوی شێمونی قارتمین بووە، دروستکراوە. لە ساڵی 397ی زاینیدا، ئەم شوێنە ببوە جێگەی بایەخی ئیمپراتۆری ڕۆژهەڵاتی رۆمانیەکان، ئیمپراتۆر ئەرکادیۆس، کە فەرمانڕەواییەکەی بەوەدا دەناسرێتەوە کە پارەی وەکو خێر ناردووە بۆ دێرێك لە رۆژهەڵات، کە لە وانەیە ئەم دێرە بووبێت. لە نێوان ساڵانی 395 بۆ 397ی زاینیدا، خەزانی ئاوی باراناوەکە و ڕێڕەوە شێوە کەوانەییەکە دروستکرابوون، و هەموو ساڵێك وەك یارمەتی پارەیان بۆ ئەم خەڵوەتگایە ناردووە. لە ماوەی حوکمڕانی سیۆدۆسیۆسی دووەمدا، 'ماڵی قەدیشەکان' (وەك ئاماژەیەك بە گومەزی میسریەکان)، کڵێسای مەریەمی پاکیزە، و بێس قەدیشە (ژووری مردووناشتن) بنیاتنران. ئیمپراتۆر ئەناستاسیۆس فەرمانی کرد کە زیاتر بایەخ بە شوێنەکە بدرێت. بەپێی تۆمارە سریانیەکانی ئەم دێرە، ئاڵتون و کۆمەڵێك پیشەکار نێردراون بۆ دروستکردنی هۆڵێکی زۆر جوان بۆ نوێژکردن، لە ناوەڕاستی ئەم شوێنەدا کە لە باکور و باشور و ڕۆژئاواوە بە سەکۆ دەورەدرابوو. میحرابی ژووری خەڵوەتی سەرەکی لە بەردی مەڕمەڕ دروستکرا و وێنەی شێرێك و گایەك و هەڵۆیەك و پیاوێك لە هەر لایەکی میحرابەکەوە هەڵکۆڵرا. دەگوترێت کە وێنەی فریشتەیەکیش لە سەر میحرابەکە هەبووە. گومەزێکی ڕەنگ بڕۆنزی کە بە چوار پایەوە ڕاگیرکراوە بەسەر ئەم شوێنەوە هەبووە. لە ناو خەڵوەتەکەدا، چرایەکی ئاڵتون هەبوە بە زنجیرێکی زیویەوە. تاریفەکان ئاماژە بە زەویەکەش دەکەن کە بە پارچە مۆزایکی زاخاو بە ئاڵتون و داری بڕۆنزی ڕازێنراوەتەوە و لەهەر لایەکی دەروازەی چوونە ژوورەوەی خەڵوەتگاکەوە.

    مێژووی دواتری دێرەکە کۆمەڵێك چەوساندنەوە و هەندێك ئاڵنگاری تری بەخۆوە دیوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لە هەموویان ڕزگاری بووە. ئەمڕۆ کۆمەڵگا چالاکەکەی ئەم دێرە سەرقاڵی کشتوکاڵی و خوێندەوارین و، لە هەندێك حاڵەتدا، پارێزگاری لە دانیشتوانە مەسیحیە ڕەسەنەکانی ئەم شوێنە دەکەن. بەڵام، ئەم شوێنە لە ئێستادا جارێکی تر ڕووبەڕووی ئاژاوە سیاسیەکان دەبێتەوە.   

    سەرچاوە گشتیەکانی 'مێژوو': Palmer 1999; Barsoum 2008.

    Barsoum, Ignatius Aphram I. 2008. The History of Tur Abdin, translated by Matti Moosa. Piscataway, NJ: Gorgias.

    Bell, Gertrude. 1924. Amurath to Amurath. London: Dutton.

    Bell, Gertrude, and Marlia Mundell Mango. 1982. The Churches and Monasteries of the Tur ‘Abdin. London: Pindar. Reprint, with new preface, notes, and catalogues, of Gertrude Bell’s The Churches and Monasteries of the Tur ‘Abdin (1910) and Churches and Monasteries the Tur ‘Abdin and Neighboring Districts (1913).

    Hollerweger, Hans, ed. 1999. Țur ‘Abdin: Living Cultural Heritage. Linz: Freunde des Tur Abdin.

    Palmer, A. 1999. “The 1600-Year History of the Monastery of Qartmin (Mor Gabriel). In Țur ‘Abdin: Living Cultural Heritage, edited by Hans Hollerweger, 37–46. Linz: Freunde des Tur Abdin.

    ناوەڕۆك
    هێلین مەلکۆ (2016)
    چاککردنی ناوەڕۆك
    ماسیۆ پیبڵز (11/25/19)