پرۆفایلی پێگە
دێری ڕەبان (بە سریانی واتە 'ڕەبەن'- ڕاهب) هۆرمیزد لەوانەیە بەناوبانگترین دێری مەسیحی بێت لە عێراقدا. نزیکەی کیلۆمەترێك لە گوندی ئەلقوش دوورە و بە دووری 45 کم دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی موسڵ. ئەم دێرە لە ناوەڕاستی ڕووی چیای بێس ئاسرا (کە بە جەبەل ئەلقوش-یش دەناسرێت) دروستکراوە. لەسەر مودەرەجێكی سروشتی (amphitheater) دروستکراوە، وا دەردەکەوێت کە لە ناو شاخەکەدا هەڵکۆڵرابێت. نزیکەی 800 م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و دیمەنێکی دڵڕفێنی دەشتەکانی نەینەوا و لادێ کۆنەکانی ئەو ناوچەیەی هەیە (پانۆراماکە ببینە). هەتا ئەم دواییانە، ئەم دێرە تەنها بەپێ دەتوانرا پێی بگەیت. بەڵام بەم دواییانە ڕێگایەکی قیرتاوی بۆ دروستکرا و ئێستا گەشتیار و سەردانکارە ئاینیەکان دەتوانن بە ئۆتۆمبێل بە شوێنەکە بگەن. هەر کە دەگەیتە دێرەکە، کۆمەڵگایەك دەبینیت کە لە ناوەڕاستیدا کڵێسایەك و لە هەر لایەکی کڵێساکەشەوە کۆمەڵێك خانە و ژوور هەیە. هەموو کۆمەڵگاکە ڕاستەوخۆ لەسەر تەختەبەرد دروستکراوە، بەبێ هیچ بناغەیەك. هەندێك بەشی ئەم شوێنە تەنها لە بەردە قسڵی داتاشراو دروستکراوە، بەڵام بەشەکانی تر لە ڕووکاری شاخەکەدا هەڵکۆڵراون. لەچواردەوری ئەم بینا خەڵوەتیانە و کڵێساکە، بەردەکانی ڕووکاری شاخەکە پڕە لە ئەشکەوت: جێگای ئەو خەڵوەتکارانەی کە پێشتر لێرە ژیاون و پەیوەندیان لەگەڵ دێرەکەدا هەبووە.
ميديا
تاریف وسیمبول ودیمەنە هونەریەكان
سەرچاوە گشتیەکانی 'تاریف و سیمبول و دیمەنە هونەریەکان' :Awad 1934; Leroy 2004; Brock 2009.
دەقەكان
لە سەتاسەری ئەم کۆمەڵگا خەڵوەتیەدا، کۆمەڵێك دەقی بە زمانی سریانی هەن.
دەقەکانی ناو ژوورەکان:
دەقەکانی بە زمانی سریانی، لایەنی کەم لە پێنج ئەشکەوتی لای بەشی ڕۆژئاوای شاخەکە، دۆزراونەتەوە.1[1] ئەمانەی خوارەوە دەقەکانن بە وەرگێڕانەوە:
- ژووری باوکە ئەلیشا: ' لە ساڵی 1835ی عیساییدا، منی هەژار، ئەلیشا، لەم ژوورەدا دەژیام لە ماوەی فەرمانڕەوایی زۆر بەڕێز باوکە حەنان جرای ئەلقوش.'
- ژووری برا مەنسور: 'من برا مەنسور لەم ژوورەدا دەژیام لە ساڵی 1820.'
- ژووری 'ئۆدیشۆ': 'لە ساڵی 1995ی یۆنانیدا [1684ی زاینی]، من 'ئۆدیشۆ' گوناهبار لەم ژوورەدا دەژیام.'
- ژووری یۆوان: 'نزا بۆ گوناهبار یۆوان بکەن.'
- ژووری زیندان: 'لە ساڵی 1842دا، ئیسماعیل پاشا (پارێزگار)ی ئامێدی خەڵوەتکارانی زیندانی کرد و ئەشکەنجەی دان لەم ژوورەدا و خەڵوەتگاکەی تاڵانکرد.' ئێمە (خەڵوەتکاران) ئەم ژوورەمان گەورەکرد لە 1931.
هەڵکۆڵینەکانی گۆڕستانی پەیتریاکەکان:
نۆ تەختەبەردی مەڕمەڕ کە نوسینیان لەسەر هەڵکەندراوە بە زمانی سریانی لەسەر گۆڕەکان دانراون. ئەمیر هەراك لە کتێبێکدا هەندێکیانی بۆ زمانی ئینگلیزی وەرگێڕاوە.2
مێژوو
دامەزرێنەری ئەم دێرە، ڕەبان هۆرمیزد، لە سەدەی شەش یان حەوتەمی زاینی لە ناو خێزانێکی فارسی مەسیحی خەڵکی پارێزگای ئەهواز لە دایکبووە. گەشتی کردووە بۆ میزۆپۆتامیا و لەوێ چاوی بە سێ ڕەبەنی (ڕاهیب) کڵیسای ڕۆژهەلات کەوتووە. ئەم کەسانە ژیانی خەڵوەتییان پێناساندووە لە دێری ڕەبان بەدر ئیدتا. پاش بەسەربردنی زیاتر لە چل ساڵ لە دێرە جیاوازەکاندا، لە کۆتاییدا ڕەبان هۆرمیزد دەگاتە ئەلقوش. لەم شوێنە دانیشتوانە مەسیحیەکان داوای لێدەکەن کە دێرێکیان بۆ بنیاتبنێت (ئێستا دێرەکە بەناوی ئەمەوە ناونراوە). بە تەواوی ڕۆژی مردنەکەی نازانرێت، هەرچەندە وا دیارە کە لە نیوەی دووەمی سەدەی حەوتەمی زاینیدا بووبێت. شوێنی ناشتنی لاشەکەی دەکەوێتە ژێر میحرابی بەشی ڕۆژهەڵاتی کڵێساکەوە. ڕەبان هۆرمیزد پیاوی لە خۆبوردن و موعجیزەکان بوو، دێرەکەشی بە درێژایی مێژوو کراوە بووە بۆ بەخێرهێنانی خەڵك لە سەرجەم ئاین و باوەڕە جیاوازەکانەوە.
بەدرێژایی مێژووەکەی، ڕەبان هۆرمیزد وەك یەکێك لە چالاکترین ناوەندەکانی خەڵوەتگەرایی ڕۆژهەڵاتی ماوەتەوە. وا دیارە کە نەریتی خەڵوەتگرتن و خۆ بەدوور گرتن لە کڵێسای ڕۆژهەڵاتیدا بۆ زۆرترین ماوە بە سەرکەوتووی مابێتەوە. هەرچەندە ئەم دێرە هێشتا هەر بەکاردەهێنرێت، بەڵام ڕووی بەڕووی چەندین هێرش بۆتەوە و چۆڵکراوە لە سەدەکانی پێشودا. یەکێك لە خراپترین پەلامارەکان لە سەدەی سیانزەیەمی زاینیدا ڕوویدا، کاتێك مەغۆلەکان گەیشتنە میزۆپۆتامیا و مەسیحیەکانیان کوشت و کڵێسا و دێرەکانیان بەتاڵانبردن و وێرانیانکردن.1 لە پاش ماوەیەك ژیان گەڕایەوە بۆ دێرەکە و لە کۆتای سەدەی پانزەهەمدا، ڕەبان هۆرمیزد بوو بە شوێنی دانیشتنی پەتریارکی کاسۆلیکیەکانی کڵێسای ئاشوری ڕۆژهەڵات. لە سەدەی شانزەهەمدا، ڕەبەنێك لەم خەڵوەتگایەوە، کە ناوی سولاقا بوو، گەشتی کرد بۆ ڕۆما و بوو بە یەکەم هێڵی نوێ لە پەتریاکەکانی کاسۆلیکی (کلدانی). بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دێری ڕەبان هۆرمیزد لە ژێر سەرپەرشتی کڵێسای ئاشوریەکانی ڕۆژهەڵات مایەوە. پەتریارکەکانی ئەم کڵێسایە هەر لێرە نێژراون و گۆڕەکانیان دەقی درێژ و پڕ زانیارییان لەسەرە.
لە سەدەی هەژدەی زاینیدا، دێرەکە ڕووبەڕووی هەندێك پەلاماردان بۆیەوە لەلایەن کوردەکانەوە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە شوێنەکە چۆڵبکرێت.2 لە ساڵی 1808دا، ژیانی خەڵوەتی لەم دێرەدا جارێکی تر بنیاتنرایەوە لە لایەن ڕەبەن گابرێیل دانبۆ (1775-1832). بەڵام شوێنەکە جارێکی تر کەوتەوە بەر کۆمەڵێك پەلاماردان، وەك ئەو پەلامارەی کە دانبۆ خۆی تێدا کوژرا. دێرەکە تاڵانکرا و باج لەسەر کۆبونەوەکانی ناو کڵێساکە دانراو و کۆکرایەوە. لە ئەنجامدا، دێرێکی نوێ، کە ناوی خانمی-ئێمەی-تۆوەکان بوو، لە ساڵی 1858 دا نزیکتر لە ئەلقۆش دروستکرا. ئەم دێرە نوێیە، نزیکەی 50 ڕەبەنی تێدا دەژیا. ئەمڕۆش وا دیارە کە ژیانی خەڵوەتی جارێکی تر بەجێهێڵدراوە لێرە و کۆمەڵگەی مەسیحی زۆر کەمبونەتەوە بە هۆی پشێوی و توندوتیژیەکانەوە بە تایبەتی لە دوای ساڵی 2003وە. لەم ساڵانەی دوایدا، ئەم کۆمەڵگایە و کڵێساکەی نۆژەنکردنەوەی باشیان بەخۆوە دیوە. ئەم نۆژەنکاریەش بە تایبەتی بە کڵێسای ڕۆحی پیرۆزەوە دیارە. دەروازە و دەرگاکانی ناوەوەی گەورەکراون و دیوارەکانی گەچکاری کراون و شوێنی نوێژخوێندنەکەی بە کارەبا ڕووناککراوەتەوە. لە مانگی 10ی ساڵی 2013دا، کاتێك تیمی MMM سەردانی شوێنەکەیان کرد، کۆمەڵێك مەوادی بیناسازی لە شوێنەکە بوون، ئەمەش ئاماژە بەوە دەدات کە نیازی زیاتر بنیاتنانەوەی ئەم شوێنە هەبووە.
سەرچاوە گشتیەکانی 'مێژوو': Awad 1934; Brock 2009.
سەرچاوەی هەڵبژێردراو
عواد، كوركيس حنا.1934. أثر قديم في العراق: دير الربان هرمزد (بجوار الموصل). الموصل: مطبعة نجم.
Baumer, Christoph. 2006. The Church of the East: An Illustrated History of Assyrian Christianity. London: I. B. Tauris.
Brock, Sebastian. 2009. “Monasticism in Iraq: The Cultural Contribution.” In The Christian Heritage of Iraq: Collected Papers from the Christianity of Iraq I-V Seminar Days, edited by Erica C.D. Hunter, 64-80. Piscataway, NJ: Gorgias.
Budge, E. A. Wallis. 1902. The History of Rabban Hormizd the Persian and Rabban Bar-Idta. 2 vols. London: Luzac.
Harrak, Amir. 2009. “Patriarchal Funerary Inscriptions in the Monastery of Rabban Hormizd: Types, Literary Origins, and Purpose.” Hugoye: Journal of Syriac Studies 62: 293–309.
Leroy, Jules. 2004. Monks and Monasteries of the Near East. Piscataway, NJ: Gorgias.