کڵێسای سوڵتان مادۆخت

    پرۆفایلی پێگە

    کڵێسای سوڵتان مادۆخت دەکەوێتە گوندی ئارادین، نزیکەی 150 کم لە موسڵەوە و 50 کم لە شاری دهۆکەوە دوورە. ئەم گوندە دەکەوێتە ناو وادی ساپنا کە لە باکورەوە چیای مەتین و لە باشورەوە چیای گارە دەوریان داوە. ناوە ئاشوریەکەی بە واتای 'وڵاتی ئیدەن' دێت، کە گوزارشت لە جوانی سروشتی شوێنەکە دەکات. ئەم کڵێسا بەناوبانگە بە دووری نیو کیلۆمەترێك دەکەوێتە باشوری لادێکە، لە تەنیشت گردێکی بچوکەوەیە کە وا پێدەچێت بەهۆی شوێنێکی نیشتەجێبوونی کۆنەوە بوبێت بە گرد. لە ساڵی 1987دا، ئارادین، جگە لە کڵێسای مادۆخت، بە تەواوی خاپور کرا. ئەم کڵێسایە هەتا ئەمڕۆ لە کاردایە و خەڵک لە هەموو عێراقەوە بۆ نوێژ خوێندن سەردانی دەکەن.

    دیمەنی دەرەوە و ووردەکاریەکان

    شوێنی سەرەکی دانیشتنی کڵێساکە

    بەشی پیرۆزکردنی کڵێساکە

    کڵێسای مادۆخت، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەمی زاینی، ستایلێکی سادە و شێوازی بنیاتنانی کڵێسا ڕۆژهەڵاتیە سەرەتاییەکان تێیدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەم ستراکچەرە شێوە تاقی بەرمیلیە بە زۆری لە تەختەبەردی داتاشراوی قسڵی دروستکراوە. هەرچەندە ئەو ستراکچەرەی کە ماوەتەوە بەم دواییانە نۆژەنکراوەتەوە، بەڵام نەخشەی ڕەسەنی زەمینی و هەندێك لە بنەڕەتەکانی تەلارسازی لە سەرانسەری بیناکەدا پارێزراوە. دیوارێکی نوێ چواردەوری کڵێساکەی گرتووە، دەروازەیەك لە ڕووی دەرەوە دەچێتەوە سەر داڵانە کراوەکە ( سەیری پـانۆراما بکە). ئەم داڵانە بۆ یادکردنەوە و بۆنە ئاینیەکان بەکارهێنراوە (بە تایبەتی ئەوانەی کە ساڵانە لە 15ی مانگی 5 دا ئەنجامدەدرێت بۆ یادکردنەوەی پارێزەری گوندەکە، قەدیشە سوڵتان مادۆخت). دەروازەی سەرەکی کڵێساکە لە لای باشوری بیناکەیەو دەچێتەوە سەر یەکەم پەرستگا، کە پەرستگای باپتیزمە (شوێنی شۆردنی ئاینی یان پیرۆزکردنە) (سەیری پـانۆراما بکە). ئەم شوێنە بۆشاییەکی درێژ و باریکە و زەویەکەی لە دوو ئاست پێکهاتووە: ئاستە بەرزەکەیان لە دەروازەی سەرەکیەوە دەستپێدەکات و هەتا ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات درێژدەبێتەوە، و ئاستە نزمەکەیان، کە لە وانەیە ئەمەیان ئاستی ڕەسەنی شوێنەکە بێت، لە کۆتا بەشی ڕۆژهەڵاتی ژووری یەکەمە. حەوزێکی شۆردنی پیرۆزی بەردین هەیە لە سوچی باشوری ڕۆژهەڵاتی شوێنە ئاست نزمەکە. بەرامبەر حەوزی شۆردنەکە، ڕێڕەوێك هەیە کە بەشی سەرەوەی شێوە کەوانەییە و لە باکورەوە دەچێتەوە سەر میحرابی سەرەکی کڵێساکە و ژووری نوێژخوێندن. لە ناو دیوارەکانی باکور و باشوری شوێنە ئاست بەرزەکەیاندا، هەشت کون لە شێوەی تاقدا هەڵكۆڵراون، واتە لە هەر دیوارێکدا چوار کون هەڵكۆڵراون. لە دووەم کونی دیواری باشور، پاشماوەکانی ئێسکەپەیکەری مرۆڤێك نمایشکراوە، کە کەلەسەرێك و چەند ئێسکێك و هەندێك پاشماوەی لەگەڵدایە. لەسەروو ئەم کونەوە، پارچە بەردێکی مەڕمەڕ لەناو دیوارەکەدا دانراوە و کۆمەڵێك هەڵکۆڵینی لەسەرە بۆ بیرهێنانەوە بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئارامی نوێ، ئەو دوو زمانەی کە قەشە عەبدەلئەحەد سمانۆ ڕایس (1879-1916) قسەی پێکردوون. ئەم قەشەیە هەر لەم کڵێسایەدا نێژراوە.

    بۆشایی سەرەکی کڵێساکە لە شوێنێکی دانیشتنی سەرەکی پێکدێت کە بە تاق داپۆشراوە (سەیری پـانۆراما بکە)، کە گەورەتر و پانترە لە ژووری باپتیزم. سەربانی ئەم شوێنە سەرەکیە پێکهاتووە لە میچێکی شێوەتاقی کە بەشێوەی ڕاگوێز ڕایەڵەکراوە. دیوارەکانی بەشی باکور و باشوری کۆمەڵێك کونی شێوە چوارگۆشەییان تێدایە. پەنجەرەی قەبارە جیاواز لە دیوارەکانی بەشی ڕۆژئاواوە کراونەتەوە. دیواری بەشی ڕۆژهەڵات لە بۆشایی میحرابەکەوە بەهۆی چەند دەرگایەکی بچوکەوە، شوێنی سەرەکی دانیشتنی کڵێساکە دابەشدەکات بەسەر بەشی لای ڕاست و چەپدا. لە ناو دەرگای لای ڕاستدا، پاشماوەی ستونێك هەیە کە وا پێدەچێت بەشێك بوبێت لە ستراکچەرێکی کۆن لەم شوێنەدا. دەروازیەکی کەوانەیی لە شوێنی دانیشتنی سەرەکی کڵێساکەوە دەچێتەوە سەر ژووری پیرۆزکردنی کڵێساکە (سەیری پـانۆراما بکە). ژووری میحرابەکە بە کەلوپەلی تەختە ڕازێنراوەتەوە، و هەروەها وێنەی فۆتۆگرافی و وێنەی کێشراوی عیسا و دایکە مەریەمی تێدا دانراوە. بەڵام  دیارترینیان گوزارشت دەکات لە چیرۆکی قەدیشە مادۆخت و دوو براکەی و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ قەدیشە عابدە، کە چارەسەری براکەی کردووە و ژیانی بۆ گەڕاندۆتەوە. لە ناو ژووی پیرۆزکردندا، کونی شێوە چوارگۆشەیی و شێوە تاقی لە ناو دیواری باکوردا هەڵکۆڵراون. بەڵام ئەو کونانەی کە لە دیواری ڕۆژهەڵاتدا هەڵکۆڵراون شێوەیان تەنها چوارگۆشەییە. هەندێك لەم کونانە خاچ و گوڵیان لە ناودایە، بەڵام هەندێکی تریان ئاسەواری سوتویان پێوە دیارە. ئەمەش ئاماژە بەوە دەکات کە شوێنی دانانی مۆم بووە لە ڕابردوودا. هەندێك ڕاگیری بەردینی دەرگا، کە داخوراون و لە ئێستادا بەکارنایەن، لە ناوە و دەرەوەی کڵێساکەدا دەبینرێن. وا پێدەچێت کە ئەم ڕاگیرانە هی ستراکچەرە کۆنەکە بن و وەکو پاشماوەیەکی بەنرخی ستراکچەرە کۆنەکە، لەم کڵێسایەدا هەڵگیرابێتن. هیچ شتێك نیە کە وێنەی کڵێسا کۆنەکە نیشانبدات، تەنها یەك تاکە خشت نەبێت-  لە نزیك سوچی باشوری ڕۆژئاوای میحرابەکە- کە بە خاچێکی نمونەیی ڕۆژهەڵاتی نەخشێنراوە.

    لەم ساڵانەی دواییدا، لەژێر سەرکردایەتی قەشە ڕابان ئەل قاس، بینای کڵێساکە بە تەواوی نۆژەنکراوەتەوە. شوێنی چونە ژوورەوەی سەرەکی و شوێن دەرگاکانی ناوەوەی فراوانکراون، دیوارەکانی ڕووپۆشکراون بە گەچی سپی، و ژوورەکانی لە ڕێگای کارەباوە ڕووناك کراونەتەوە.

    هەڵکۆڵینی سەر شوێنی چونەژوورەوە: 'کڵێسای سوڵتان مادۆخت/ لە سەدەی چوارەمی زاینیەوە 319ی زاینی'

    هەڵكۆڵین بۆ بیرهێنانەوە: 'چرایەکی رووناکە ودانەوێڵەی خەردەل لە بەخشندەیی خودا. باوکە عەبدەلئەحەد سمانۆ ڕایس لە ساڵی 1879 لە گوندی ئارادین لە دایك بووە. لە ساڵی 1894دا چۆتە پەیمانگای قەدیشە یۆحەنای خۆشەویست لە موسڵ. پلەی قەشەی پێبەخشراوە لە 15/5/1904. لەگەڵ هاوکارەکەیدا، یوسف غەنیمەی پەتریارك، لە لایەن پەتریارك مار یوسف ئەمانوێلی دووەم. خەڵوەتگای خوشکانی دڵی پیرۆزی لە ئارادین بنیاتنا لە 10/5/1911. لە 16/2/1916دا کۆچی دوایی کرد و لە کڵێسای سوڵتان مادۆخت لە ئارادین بە خاك سپێردراوە.'

    بەهۆی بەردێکی هەڵکۆڵراوەوە، کە وا پێدەچێت لە ناو کڵیسای سوڵتان مادۆخت دۆزرابێتەوە، دەتوانین مێژووی بنیاتنانی ئەم کڵێسایە بگێڕینەوە بۆ سەدەی چوارەمی زاینی (بە دیاریکراوی، بۆ ساڵانی 319-325ی زاینی). هەرچەندە پێشتر بەشێوەیەکی سیستەماتیك هیچ تۆمارێکی کڵێساکە نەکراوە، بەڵام بەپێی گێڕانەوەکانی خەڵکی ناوچەکە بێت کڵێساکە ڕێك لەو شوێنەدا بنیاتنراوە کە قەدیشە سوڵتان مادۆخت و دوو براکەی تێدا لە سێدارە دراون. سوڵتان مادۆخت و براکانی منداڵی شا پۆلار بوون. ئەم شایە کاربەدەستی ناوچەی دۆرساس بوو لە سەردەمی پاشا شاپوری دووەمی ئیمپراتۆریەتی ساسانیەکاندا. لەڕێگای گەڕانەوەیاندا بۆ ماڵەوە، براکەی سوڵتان لەسەر ئەسپەکەی بەردەبێتەوە و لە هۆش خۆی دەچێت. لەم کاتە ناهەموارەدا، قەدیشە عابدا، کە لە لادێیەکی نزیك بووە، یارمەتی کوڕەکەی داوە و ژیانی بۆ گەڕاندۆتەوە. کوڕەکە کە ژیانی بۆ گەڕایەوە، بۆ خوشك و براکەی گێڕایەوە کە کاتێك لە هۆش خۆی چووە، خەوێکی بینیوە. لە خەوەکەیدا، قەشەیەکی دیوە کە چۆکی داداوە لەبەردەم تاجی عیسادا و دوعای بۆ ژیانی ئەم کوڕە کردووە. بەهۆی ئەمەوە، سوڵتان مادۆخت و براکانی باوەڕیان بە ئاینی مەسیحی هێنا و پیرۆزکران (باپتایز). کاتێك ئەم هەواڵە بە باوکیان گەیشت، کۆمەڵێك سەربازی نارد تا ئەم خوشك و دوو برایە بدۆزنەوە و بیانگەڕێننەوە بەمەستی لێپرسینەوە. پاش سێ ساڵ، ئەم قەدیشە و براکانی لە ئەشکەوتێکی نزیك گوندی ئارادین دۆزرانەوە. گێڕانەوەکانی خەڵکی ناوچەکە پێماندەڵێن کە هەرسێکیان لەو شوێنەدا لە سێدارەدراون و لەو شوێنەدا نێژراون کە ئێستا کڵێسای سوڵتان مادۆختە. ئەمڕۆ، هەندێك بڕوایان وایە کە سوڵتان مادۆخت چەند موعجیزەیەکی ئەنجامداوە، وەکو بەدیهێنانی ئاواتی ئەو ژنانەی کە نەیانتوانیوە منداڵیان ببێت یان چارەسەرکردنی کۆمەڵێك خەڵکی نەخۆش. لە 15ی 5ی هەموو ساڵێکدا، خەڵکی باوەڕە جیاوازەکان کۆدەبنەوە بۆ یادکردنەوەی سوڵتان مادۆخت و باوەڕەکەی.

    أبونا، ألبير. 1985. شهداء المشرق. بغداد: مكتبة الخلود.

    شير، ادي. 1900. سيرة أشهر شهداء المشرق القديسين. الموصل: دير الآباء الدومينيكان.

    ناوەڕۆك
    Helen Malko (2016)
    چاککردنی ناوەڕۆك
    ماسیۆ پیبڵز (2019)