پرۆفایلی پێگە
مۆنۆمێنتی پەیکوڵی، مێژووەکەی بۆ سەردەمی ساسانییەکان دەگەڕێتەوە، لەسەر تەپۆڵکەیەك دروستکراوە کە ڕاستەخۆ دەکەوێتە باشوری ئەو ڕێگایەی کە هەمان ناوی هەیە (پەیکوڵی)، کە بە زنجیرە چیای قەرەداغ دا تێپەڕدەبێت لە ڕۆژئاوای زنجیرە چیای زاگرۆس (سەیری پانۆراماکە بکە).
لە سەردەمی ساسانییەکاندا، ڕێگاکە بەشێك بوو لە شاڕێیەکی ستراتیژی کە لە تەیسەفون (مەدائین)ی پایتەختی ئیمپڕاتۆریەتی ساسانییەوە بۆ ناو دەشتی شارەزور (کە دەکەوێتە شاری سلێمانیی هاوچەرخ) درێژ دەبوویەوە و زیاتر بەرەو باکوور هەڵدەکشا بۆ پارێزگای ئابوربەداغانی شاخاویی (کە دەکاتە پارێزگای ئازربایجانی ئێران لە باکوری ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستا)؛ ڕێگاکە بە نزیك سنووری نێوان پارێزگاکانی گەرمەگان (کە بەشێکی زۆری کوردستانی عێراقی ئێستا دەگرتەوە) و ئاشورستان (ناوەڕاستی میزۆپۆتامیا کە تەیسەفون سەربە ئەوێ بوو)1 تێپەڕیوە. لە ئێستادا، پاشماوەی شوێنەوارە ڕووخاوەکە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری دەربەندیخان بە دووری 16 کیلۆمەتر و باشوری شاری سلێمانی بە دووری 100 کیلۆمەتر.
مۆنۆمێنتەکە کە بە بەردە نوسراوێکی درێژ ڕازێندراوتەوە، لەلایەن ئیمپڕاتۆر نارسە (293-302ی زایینی) دروستکراوە بۆ یادکردنەوەی چوونە سەر تەختی ئیمپراتۆری. لەسەر بەردە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە مۆنۆمێنتەکە لەو شوێنە داندراوە کە خانەدانەکان و کەسە پایەبەرزو کاریگەرەکانی ئیمپڕاتۆر کۆبوونەتەوە بۆ گەیشتن بە دیداری ناسرە و ڕاگەیاندنی پشتگیری خۆیان بۆ بانگەشەکەی بەسەر برازای گەورەی خۆی بەناوی بەهرامی سێیەم.
- 1. لەسەر پێگەی جوگرافی پەیکوڵی سەیری Cereti, Terribili, and Tilia 2015 بکە.
ميديا
تاریف وسیمبول ودیمەنە هونەریەكان
سەرچاوە گشتییەکانی 'تاریف و سیمبوڵ و دیمەنە هونەریەکان': Herzfeld 1924, 1–10; Cereti and Terribili 2012, 84–87; Terribili and Tilia 2016, 419–423.
دەقەكان
مۆنۆمێنتی پەیکوڵی ڕەنگە بە بەردە نووسراوە درێژەکانی زیاتر ناسرابێت، کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکیەکانی مێژووی سەرەتای ئیمپڕاتۆریەتی ساسانی. بە لەبەرچاوگرتنی لێك هەڵوەشانەوە و بڵاوبوونەوەی بەردە نوسراوەکان لەگەڵ ڕووخانی مۆنۆمێنتەکە، وەرگێڕانەکەی بۆتە ئاڵەنگارییەکی زۆر گەورە بۆ توێژەران. لەڕاستیدا، پرۆسەکە ماوەی سەدەیەکە درێژەی کێشاوە کارکردن تێیدا تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامە. لە ساڵی 1844، هێنری ڕۆلینسن بناغەکەی داڕشت بە کێشانی وێنە و هێڵکاری 32 لە تەختەبەردە نوسراوەکان؛ ئەو وێنە کێشراوەکانی گەیاند بە دەستی ئی تۆماس، کە ئەویش یەکەم لێکۆڵینەوەنامەی ئەزمونی بڵاو کردەوە1. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێرنست هێرزفێڵد یەکەم کەس بوو کە وەرگێڕانی سیستماتیکی بۆ تەختەبەردە نوسراوەکان ئەنجامدا. هێرزفێڵد شیکردنەوەی بۆ دابەشبوونی تەختەبەردە نوسراوەکان کرد چونکە کەوتبوون بۆ ئەوەی پێشنیاری ئەوە بکات کە دوو شێوازی هەمان نووسراو هەیە لە هەردوو لای مۆنۆمێنتەکە: فارسی ناوەڕاست ('ساسانی') لە ڕۆژئاوای و ئەشکانی ('پەهلەوی') لە ڕۆژهەڵاتدا (سەیری وێنە مێژوویەکانی نمونەی تەختەبەردە نوسراوەکان بکە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا).
توێژەرانی نوێ بەم دواییانە دووپاتیان کردۆتەوە کە هێرزفێڵد بە گشتی ڕاست بووە لە بنیاتنانەوە و ڕێکخستنی تەختەبەردە نوسراوەکان. نەخشەی نوسراوەکە هەشت دێڕی بە شێوازی فارسی ناوەڕاست و 7 دێڕی بۆ ئەشکانی لەخۆگرتووە. تەختەبەردە نوسراوەکان لەسەر هەلکۆڵراوێکی نزم پیشاندراون، قەبارەی پیتەکان جیاوازە بەگوێرەی دێڕەکان. ڕیزەکانی دواتر لەسەر دێڕەکانی خوارەوە، کە وا پێدەچێت لە دەوری ئاستی چاودا داندرابن، بچووکترن (پیتەکانی نزیکەی 30–40 میلیمەترن)؛ ڕیزەکانی پێشوتر، لەسەر دێڕی بەرزتر دانراون و بەم شێوەیەش لە مەودایەکی دوورتر لە بینەرەوە، گەورەترن (پیتەکانی نزیکەی 50–60 میلیمەترن).
لە هەر شێوازێکی بەردە نووسراوەکاندا ژمارەیەکی زۆر بۆشایی هەیە، لە سەردەمی هێرزفێڵد، بە نزیکەیی نیوەی تەختەبەردە نوسراوەکان بۆشایی بووینە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوە ڕوونە کە ئەو دوو دەقەکە بە هاوتەریبی نوسراون، بە هاوچەشنێك کە ڕێگەی بە هێرزفێڵد داوە کە تاڕادەیەك قەرەبووی بۆشاییەکان بکاتەوە، بۆ بۆشایی نوسراوی هەر لایەك.
لێکۆڵینەوەی هێرزفێڵد هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو بۆ ڕوونکردنەوەی ناوەڕۆکی بەردە نوسراوەکان، بەڵام توێژەران چەند پێداچوونەوەیەکیان بە خوێندنەوەکانی دا کردووە؛ سەرەڕای ئەوەش، تەختەبەردی نوێ دۆزرانەوە و ڕوونکرانەوە— لە سەردەمی خۆیدا هێرزفێڵد 30بەردە نوسراوی نوێی دۆزیەوە، کە لە لێکۆڵینەونامەکەی ساڵی 1924دا نەبوون. زۆرێك لەو بەردە نوسراوە زیادانە لە وەرگێڕانی هێلموت هیومباخ و پرۆدس سکجیرڤۆ (1978-1983) دەرکەوتوون، کە بە چاپی ستانداردی سەرچاوەکە دەمێنێتەوە. توێژەران بەردەوام بووینە لە پڕکردنەوەی بۆشاییەکان چونکە تەختەبەردی نوسراوی زیاتر—زیاتر لە 20 دانەیان تاوەکو ساڵی 2020 —دۆزراونەتەوە2.
بەردە نووسراوەکان چیرۆکی نارسە و ئەو ڕووداوانە تەواودەکەن کە نارسەیان بە تەختی شاهانەی ساسانی گەیاند، لەگەڵ بەشی پێشەکی و کۆتایی نوسراوەکە، دابین دەکەن. ئەم پوختەیەی خوارەوە بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە وەرگێڕانی هیومباخ و سکجایرڤۆ بەستووە3:
نارسە ڕەچەڵەکی خۆی بەپێی پەیماننامەکانی نووسراوی شاهانەی ساسانییەکان خستۆتەڕوو، ئاماژەش بە دروستکردنی مۆنۆمێنتەکە کراوە. دوای ئەم پێشەکییە، بەردە نووسراوەکە دەچێتە سەر زنجیرەی ڕووداوەکان تا دەگاتە تاج لەسەرنانی نارسە. زنجیرەی ڕووداوەکانیش بە مردنی برازای نارسە، بەهرامی دووەم و تاج لەسەرنانی کوڕەکەی، بەناوی بەهرامی سێیەم، لە لایەن دادوەری شاهانە وەهنامی خانەدان دەست پێدەکەن. دوابەدوای ئەمە، بەشێکی لە خانەدانە دژبەرەکانی دادگای شاهانە لە ئەنجومەنەکە کۆبوونەوە و داواکاریەکییان نووسی بۆ نارسە کە ئەرمەنستان جێبهێڵێت (ئەو شانشینەی کە لەجیاتی برازاکەی فەرمانڕەوایی تێدا دەکرد) بۆ ئەوەی زەوتکەرانی تەختی ئیمپڕاتۆریەت لەدەسەڵات دووربخاتەوە و شوێنی یاسایی و ڕەوای خۆی لەسەر تەختی ئیمپڕاتۆری وە ربگرێتەوە.
لە ڕاستیدا، نارسە بەڕێکەوت بەرەو تەیسەفونی فارس و پێشنیاری ئاگربەستی نارد بۆ بەهرام و وەهنام، هەروەها ئاگادارییەکی پێشوەختەشی نارد بۆ دادوەرانی دادگای شاهانە کە پێشنیارەکیەیان قبوڵ دەکات. پارچە نوسینێکی گرنگ لە ڕیزی 32دا بەرچاودەکەوێت کە دەڵێت لەگەڵ پەڕینەوە بۆ ناوچەی دەسەڵاتی فارسەکان، نارسە و لایەنگرەکانی لە 'ئەو شوێنەی ئەم مۆنۆمێنتەی لێ دروست کراوە' کۆبوونەوە. ئەم کۆبوونەوەیەش بە وادیارە ئەو هۆکارەکەیە کە پەیکوڵی وەك پێگەی مۆنۆمێنتەکە هەڵبژێردراوە.
هاوکات، وەهنام و بەهرام هەستان بە کۆکردنەوەی پشتگیری و ڕازیکردنی کەسانی دیار و دەستیان بە هەڵمەتی دژ بە نارسە کرد. بەڵام، سەربازەکانیان دەستیان کرد بە وازهێنان بۆ بەرژەوەندی نارسە. لەم کاتەدا نارسە نامەیەکی نووسی بۆ سەرکۆنەکردنی بەهرام بەهۆی زەوتکردنی تەختی ئیمپراتۆریەت، و بەهرام خۆی بەدەستەوە دا: وەهنام بینی کە دۆزەکەی شکستی هێناوە و بۆیە ڕایکرد، بەڵام لەلایەن کۆمەڵە کەسێکەوە گیرا کە نارسە ناردبوون. هەروەها نارسە سزای ژمارەیەکی زۆری یاخیبووانی دا.
پاشان ناوەڕۆکی بەردە نووسراوەکان دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی و هاوچەشنی لە نێوان نارسە و خانەدانە دڵسۆزەکان لەسەر باسی پاشایەتی و جێگرتنەوەی دەسەڵاتی شاهانە. نارسە رێکارە نەریتییەکەی بە بیرهێنانەوە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە کێ گونجاوترینە بۆ بوون بە پاشا، دەسەڵاتدار و خانەدانەکان دووپاتیان کردەوە کە نارسە بەڕاستی گونجاوترین جێنشینە. نارسە بە فەرمی بانگێشتکرا بۆ وەرگرتنی تەختی شاهانە، کە قبوڵی کرد. بەشی کۆتایی بەردە نوسراوەکە ئاماژە بە دۆخی ئاشتی و دۆستایەتی لەگەڵ ڕۆمەکاندا دەکات پێش ئەوەی بچێتە سەر لیستی پاشاکان و ئەو فەرمانڕەوایانەی کە نارسەیان بە پاشای پاشاکان زانیوە. لە کۆتایدا، نارسە ئاماژەی بە حوکمی دادگەرانەی خۆی دەکات، دوای ئەوەی بانگەشەی شانشینێکی نوێ دەکات.
زیادکردنە گرنگەکەی ئەم دواییانە بۆ وەرگێڕانەکە، کە لە تەختەبەردە تازە دۆزراوەکەوە وەرگیراوە، بەشێکی نوسینی سەرەتاییە کە ئاماژە بە مۆنۆمێنتەکە دەکات بە (“Pōrōz-Anāhid-Narseh” ؟ (ڕەنگە بە نزیکەیی بەم شێوەیە بخوێنرێتەوە ('نارسەی سەرکەوتوو بە سۆزی خوداوەند ئەناهید')؛ چونکە وەك ناوی کەسێک داڕێژراوە، ڕەنگە ئەمە خۆی هەر ناوی مۆنۆمێنتەکەش بێت4. ئەناهید هەمان ئەو خوداوەندەیە کە سەرۆکایەتی تاج لەسەرنانی نارسە دەکات لە هەڵکۆڵراوی نەخشی ڕوستەم.
سەرچاوە گشتییەکانی'دەقەکان': Humbach and Skjaervø 1983؛ Skjaervø 2006 ؛ Cereti and Terribili 2014.
مێژوو
نارسە، پاشای ساسانی بەرپرسی مۆنۆمێنتی پەیکوڵی، سێیەمین کوڕی ئیمپراتۆری مەزن شاپووری یەکەم بوو (242- 272ز.). وەک کوڕێکی بچووکتر، هەرگیز پێشبینی ئەوەی لێ نەدەکرا بچێتە سەر تەختی ئیمپڕاتۆری، بەڵام لە جیاتی ئەوە چاوەڕێ دەکرا ڕابسپێردرێت کە ببێت بە پاشای ناوچە گرنگ و نیمچە سەربەخۆکەی ئەرمەنستان. لەدوای مردنی شاپوور، تەختی ئیمپڕاتۆری کەوتە دەست هەردوو برا گەورەکەی نارسە یەك بەدوای یەك، هورمزدی یەکەم (272-273) و بەهرامی یەکەم (273-276)، پاشان گواسترایەوە بۆ بەهرامی دووەمی کوڕی بەهرام (276-293).
پاش مردنی بەهرامی دووەم لە ساڵی 293ی زایینی، کوڕە گەنجەکەی خۆی کە هاوناویشی بوو بە فەرمی کرا بە پاشا، وەك بەهرامی سێیەم بە پشتیوانی دەستەی دادگا بە سەرۆکایەتی وەهنامی خانەدان. لەگەڵ ئەوەشدا، بە ئاشکرا دەستەیەکی تری دادگا دژایەتی ئەو تاج لەسەرنانەیان کرد (لەو کاتەدا، پێدەچوو کە بابەتی شوێنگرتنەوەی شاهانە بەزۆرینەی کۆدەنگیی خانەدانەکانی شانشینەکە کۆنترۆڵکرابێت).
ڕووداوەکانی دوای ئەمە بە شێوەیەکی سەرەکی لە خودی بەردە نوسراوەکەوە زانراون، کە گێڕانەوەیەکی بە ئاشکرا لایەنگرە (سەیری بەشی 'دەقەکان' بکە). بە پێی گێڕانەوی نارسە، خانەدانەکان پاڕانەوە و تکایان لێ کرد کە لە ئەرمەنستانەوە بێتەوە بۆئەوەی تەختی شاهانە وەربگرێت وەك پاشای ڕەوا و یاسایی. لە کاتی ڕۆیشتنی بەرەو شاری تەیسەفون، لەگەڵ شاندێکی لایەنگرانی لە پەیکوڵی کۆبووەوە، —ئەو پێگەیەی کە دواتر بۆ مۆنۆمێنتەکە هەڵبژێردرا— پێش ئەوەی گەشتەکەی دەستپێبکاتەوە. وا دیارە بەهرام و وەهنام پێش ئەوەی هەر شەڕ و پێکدادانێکی ڕاستەقینە بەرپا ببێت خۆیان بەدەستەوە داوە، چونکە هیچ شەڕێك لە بەردە نوسراوەکاندا باس نەکراوە.
گریمانەی ئەوە دەکرێت کە ئەم مۆنۆمێنتە لە ماوەی چەند ساڵی سەرەتای دوای چوونەسەر تەختی ئیمپراتۆری لەلایەن نارسەوە لە ساڵی 293دا دروستکرا بێت. بەشی کۆتایی بەردە نووسراوەکان ئاماژە بە ئاشتی لەگەڵ ڕۆمەکان دەکات، کە جەنگەکە لە ساڵی 296دا بەرپاکراوە کاتێك نارسە لە ژێر دەسەڵاتی دیۆکلێتیان جەنگی لەگەڵ ڕۆمادا ڕاگەیاند. مۆنۆمێنتە سەرەکییەکەی دیکەی سەردەمی نارسە بریتییە لە دیمەنی بەناوبانگی پێدانی ناونیشانە شاهانەییەکەی کە لە نەخشی ڕۆستەم هەڵکۆڵراوە.
پێدەچێت مۆنۆمێنتی پەیکوڵی بەلایەنی کەمەوە هەتاکو کۆتایی سەردەمی ساسانییەکان بە وەستاوی مابێتەوە، بەڵام مێژووی دواتری نادیارە. ئێمە تەنها دەتوانین دڵنیایی لەوە بدەین کە ماوەیەکی زۆر پێش ساڵی 1844 مۆنۆمێنتەکە ڕووخێندرابوو، کاتێك هێنری ڕۆلینسن ئاماژەی بە پاشماوەکانی مۆنۆمێنتەکە داوە و بە 'کۆمەڵە خشت و قسڵ و گەچ و ورکە بەرد و بەردی لێکجیانەکراوە' ناوی بردووە1. ڕۆلینسن ڕایگەیاندووە کە مۆنۆمێنتەکە لەلایەن خەڵکی کوردی ناوچەکە بە بتخانە (پەرستگای بتەکان) ناسراوبووە2.
سەرچاوە گشتییەکانی 'مێژوو': Humbach and Skjaervø 1983 (3.2)، 10-13؛ Cereti and Terribili 2012.
بڵاوكراوە سەرەكیەكان
هێنری ڕۆلینسن، لە ساڵی 1844 سەردانی پەیکوڵی کردووە، تێبینی لەسەر رێکخستن و دۆخی مۆنۆمێنتەکە نوسیوە، و نەخشە و هێڵکاری چەندین تەختە بەردی نوسراوی کێشاوە (ڕێگەی خۆشکرد بۆ هەوڵێکی سەرەتایی بۆ نوسینەوەی زمانی تەختە بەردە نوسراوەکان بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن ئی توماس لە ساڵی 1867)1. هیچ لێکۆڵینەوەیەکی تر ئەنجام نەدرا تاوەکو ئەنجامدانی گەشتی دۆزینەوەیی لەلایەن ئێرنست هێرزفێڵدەوە بۆ پێگەکە لە ساڵانی 1911 و 1913 کە بووە هۆی نوسینی لێکۆڵینەوەنامەکەی لەسەر بەردە نوسراوەکان لە ساڵی 19242. ئەم کارەش چرکاندنی چەندین وێنەی مۆنۆمێنتەکە و دەوروبەری و پێرستی وێنە فۆتۆگرافییەکانی تەختەبەردە نوسراوەکانی بەدوادا هات. هێرزفێڵد لە ساڵی 1923 بۆ جاری سێیەم سەردانی پەیکوڵی کرد و 30 تەختەبەردی نوێی نووسراوەکانی دۆزییەوە (بەڵام زۆر درەنگ بوو بۆ دانانی لەناو لێکۆڵینەوەنامەکەی لە ساڵی 1924)3 . هەرچەندە لێکۆڵینەوەکانی هێرزفێڵد زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتنمان لە مۆنۆمێنتەکە، بەڵام پێویستە تێبینی ئەوە بکرێت کە کنەوپشکنینی سیستەماتیکی پێگەکەی لەخۆ نەگرتووە؛ لە ڕاستیدا، ئەم جۆرە لێکۆڵینەوە تاوەکو ئەمڕۆش شتێکی وسیتراو و پێویستە.
- 1. Rawlinson1867؛ ڕۆلینسن باسی بیستنی زانیاری دەربارەی مۆنۆمێنتەکە دەکات لە ساڵی 1830یەکان، بەڵام لە ڕاستیدا تاوەکو ساڵی 1844 سەردانی پێگەکەی نەکرد، و سەرنجەکانی تەنیا لە ساڵی 1867دا وەك تێبینیەکی پاشکۆیی لە ناو توێژینەوەکەی تۆماس لەسەر بەردە نوسراوەکاندا بڵاو کرایەوە (Thomas 1867).
- 2. راپۆرتی سەرەتایی لە Herzfeld 1914 دۆزرایەوە؛ توێژینەوە لەسەر تاکە بابەتێك لە Herzfeld 1924.
- 3. Herzfeld 1926، 227-228 بڕوانە سەرنجەکان لەسەر نوسراوەکانی ناو دەفتەری تێبینی Cereti and Terribili 2012, 83.
سەرچاوەی هەڵبژێردراو
Cereti, Carlo G., and Gianfilippo Terribili. 2012. “The Paikuli Monument.” In Sylloge Nummorum Sasanidarum, Bd. 2, edited by Michael Alram and Rika Gyselen, 74–87. Vienna: Verlag der Osterreichischen Akademie der Wissenschaften.
Cereti, Carlo G., and Gianfilippo Terribili. 2014. “The Middle Persian and Parthian Inscriptions on the Paikuli Tower: New Blocks and Preliminary Studies.” Iranica Antiqua 49: 347–412.
Cereti, Carlo G., Gianfilippo Terribili, and Alessandro Tilia. 2015. “Paikuli and Its Geographic Context.” In Studies on the Iranian World I: Before Islam, edited by Anna Krasnowolska and Renata Rusek-Kowalska, 267–278. Krakow: Jagiellonian University Press.
Colliva, Luca, and Gianfilippo Terribili. 2017. “A Forgotten Sasanian Sculpture: The Fifth Bust of Narseh from the Monument of Paikuli.” Vicino Oriente 21: 167–195.
Herzfeld, Ernst. 1914. “Die Aufnahme des sasanidischen Denkmals von Paikuli.” Abhandlungen der Königlich Preussischen Akademie der Wissenschaften (1): 1–29.
Herzfeld, Ernst. 1924. Paikuli: Monument and Inscription of the Early History of the Sasanian Empire. Berlin: D. Reimer & E. Vohsen.
Herzfeld, Ernst. 1926. “Reisebericht.” Zeitschrift der Deutschen Morgenländischen Gesellschaft (n.F.) 80: 225–284.
Humbach, Helmut, and Prods O. Skjaervø. 1978–1983. The Sassanian Inscription of Paikuli. 3 vols. Wiesbaden: Dr. L. R. Reichert; Tehran: Iranian Culture Foundation.
Rawlinson, Henry. 1867. “Note on the Locality and Surroundings of Paikuli.” In by E. Thomas, “Sassanian Inscriptions,” Journal of the Royal Asiatic Society of Great Britain and Ireland (n.s.) 3 (1): 296–300.
Skjaervø, Prods O. 2006. “A New Block from the Paikuli Inscription.” Journal of Inner Asian Art and Archaeology 1: 119–123.
Terribili, Gianfilippo, and Alessandro Tilia. 2016. “The Activities of the Italian Archaeological Mission in Iraqi Kurdistan (MAIKI): The Survey Area and the New Evidence from Paikuli Blocks Documentation.” In The Archaeology of the Kurdistan Region of Iraq and Adjacent Regions, edited by Konstantinos Kopanias and John MacGinnis, 417–425. Oxford: Archaeopress.
Thomas, E. 1868. “Sassanian Inscriptions.” Journal of the Royal Asiatic Society of Great Britain and Ireland (n.s.) 3 (1): 241–358.