هەڵکۆڵراوە بەردینیەکانی ماڵتای

ناوی تر (جێگرەوە)

مالتایا؛ مالسایا؛ مالتا

بەروار

سەرەتای سەدەی 7ی پێش زایین

بەرواری دۆكیومێنتكردنی پێگەی MMM
پایزی 2013
جۆری پێگە
هەڵكۆڵراوی بەردین وگۆڕەكان
Town
مالتایا
پارێزگا/هەرێم
دهۆك
    ميديا

    تابلۆی هەڵکۆڵراوی بەردی لە مالتای بە دووری 70 کم دەکەوێنە باکوری شاری موسڵ ئەوەی کە لەمڕۆدا کوردستانی عێراقە. تابلۆکان لەسەر لاکانی چیای زاوا هەڵکۆڵراون، لەسەر ڕۆخی باشوری ڕووباری دهۆك، کە 200 م لەسەروو دۆڵی ڕووبارەکەوەیە کە ئێستا بە شاری دهۆك داپۆشراوە (پانۆراماکە ببینە). بە ناوی شارۆچکەیەکی بچوکەوە ناونراوە، لە ڕۆژئاوای ناوەندە مێژووییەکەی شاری دهۆکەوە، کە لەو کاتەوە تێکەڵی شارە نوێیەکە بووەتەوە. هەڵکۆڵراوەکان زۆر بە کەمی لە دۆڵەکەوە دیارن. لە چوار پانێڵ پێکدێن کە هەمان پێکهاتەیان لەسەرە: فیگەری هاوشێوەی پاشا کە لاکانیەوە زنجیرەیەك خوداوەند هەن کە لەسەر بوونەوەرە پەیوەندیدارەکانیانەوە هەڵواسراون. هەڵکۆڵراوەکان لەوانەیە بگەڕێنەوە بۆ سیستەمی کەناڵی باکوری کە لە لایەن پاشای ئاشوری سەنحاریبەوە بنیاتنراون (704-681 پێش زایین) بۆ گواستنەوەی ئاو بۆ پایتەختەکەی، نەینەوا. بە پێچەوانەی هەڵکۆڵراوەکانی خنس، هیچ دەقێکی نووسین نەدۆزراونەتەوە کە پەیوەندیان بە هەڵکۆڵراوەکانی مالتایەوە هەبێت. بەڵام، لێکۆڵەران لەسەر بنەمای شێوازەکەی مێژووەکەیان بۆ سەردەمی دەسەڵاتی سەنحاریب گەڕاندۆتەوە، ئەگەری زۆرە لە ماوەی دوای گرتنی بابل بووبێت لە ساڵی 689 پێش زایین.

    هەرچوار تابلۆکەی مالتای بە شێوەیەکی نەریتی لە چەپەوە بۆ ڕاست ژمارەیان لێدراوە (ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوا) کاتێك تەماشاکەر دەوەستێت و ڕووی لە باشورە لەسەر ڕارەوە سروشتیەکەی بەردەمیان (تابلۆکان 1، 2، 3 و 4 ببینە). هەڵکۆڵراوی بەرجەستەی 1 تا 3 پێکەوەن، بەڵام هەڵکۆڵراوی 4 بە دووری 50 م دەکەوێتە لای ڕاستیانەوە. هەر یەکێك لە پانێڵەکان نزیکی 6 م پانە و 2 مەتر بەرزە کە بە بەرزی 2 مەتر لەسەرو ئاستی ڕێڕەوەکەوەیە. ڕوون نیە ئایا هەڵکۆڵراوەکان لە سەرەتاوە بۆیاخ کراوبوبێن. بارودۆخیان لەیەکتر جیاوازە بە هۆکاری چالاکی مرۆیی و پرۆسە سروشتیەکان. لەسەر ڕووی بەردەقسلەکان، نیشانەی بە کانبوون هەیە، کە لە شێوە و ڕووکارەکەی بردووە. لەسەروو ئەمەشەوە، چەند کرانەوەیەکی وەك گۆڕ هەن لە هەڵکۆڵراوی 1 و 3 لە کۆتایی سەردەمی کۆن کراون (زیاتر لە "مێژوو" ببینە). هەر پانێڵێك هەمان پێکهاتەی 9 فیگەر نیشان دەدات لە چەپەوە بۆ ڕاست بە هەندێ جیاوازی کەمەوە. فیگەرە تا ڕادەیەك بچووکەکەی پاشاکە، کە پێدەچێت سەنحاریب بێت، لە هەردوولای پێکهاتەکە بە هەمان شێوە نیشاندراوە. تاجی شاهانەی لەسەردایە و دارێکی نەخشێنراو بە دەستی چەپیەوەیەتی و بە دەستی ڕاستی هێمایەکی پەرستش نیشاندەدات. دەکەوێتە لای ڕیزیك خوداوەندەوە کە ڕوویان کردۆتە لای چەپ، کە هەموویان لەسەر ئاژەڵ/بوونەوەرە ئەفسانەییەکانەوە دانراون. لە چەپەوە بۆ ڕاست، ئەم خوداوەندانە بەم شێوەوەی خوارەوە دەناسرێن:

    خوداوەند ئاشور. ڕۆبێکی درێژی لەبەردایە و لەسەر هەژدیهای موشوشو و شێرێکی قۆچدار ڕاوەستاوە. چەکێکی شێوە چەماوە بە دەستی ڕاستیەوەیەتی و لە دەستی چەپیشیدا تووڵێك و ئەڵقەیەك. لە ناوقەدیەوە شمشێرێکی کورت شۆردەبێتەوە. کڵاوەکەی سەری 7 هێڵی تێدایە و خونچەی گوڵێکی لەسەرە. ڕیشێکی درێژی چوارگۆشەیی هەیە و وەك شێوەی پرچێکی پێچخواردوو دێتەخوارەوە. گرنگییەکەی لە پانتیۆنەکەدا لە ڕێگای جێگاکەی لە پێشەوە و هەروەها قەبارەکەشی بە بەراورد بە خوداوەندەکانی تر دیاردەکرێت.

    خوداوەند نینلیل/مولیسو ژنی خوداوەند ئاشوور. دانیشتووە و ئەڵقەیەك بە دەستی چەپیەوەیەتی و دەستی ڕاستی بەرزکردۆتەوە و لەپی دەستی کراوەتەوە. پۆشاکەکەی و کلاوەکەی لە هی مێردەکەی دەچێت. تەختە هەڵکۆڵراوەکەی لە لایەن شێرێکەوە هەڵگیراوە. پشتی بەرزی تەختەکە بە ڕیزێك دیسك ڕازێنراوەتەوە، شوێنی دانیشتنەکەی کۆمەڵێك وێنەی پاشای لەسەرە کە لە باری دوعاکردندایە و دوو دێو کە دەستیان بەرزکردۆتەوە و وەك ئەوەی پاڵپشتی بکەن. خوداوەندەکە قاچی لەسەر بنکەیەك داناوە کە لە دوو بوونەوەری ئەفسانەیی پێکدێت لەگەڵ وێنەیەکی پاشا لە پێشەوە. پلەی بەرزی نینلیل لێرەدا بەوەدا نیشاندراوە کە تەنها خوداوەندە کە لەسەر تەخت دانیشتوە و لە تەنیشت خوداوەندی ئاشوورەوە و 7 قۆچ بەسەر کڵاوەکەیەوەیەتی.

    خوداوەندی مانگ سین. ئەم خوداوەندە و خوداوەندەکانی تر لە پشتیەوە جل و بەرگەکانیان هاوشێوەی ئاشوورە. هەمان توڵ و ئەڵقەی بەدەستەوەیە و هەروەها هەمان شمشێری کورت لە کەمەریدایە. تاجێکی لەسەردایە کە 5 قۆچی پێوەیە و دیسکێکی خڕی لەسەرە بە وردەکاری هێمای مانگێکی شێوە کەوانیەوە. لەسەر شێرێکی قۆچدار/باڵدار وەستاوە کە پەلەکانی دواوە و کلکی هی باڵندەیە. دانانی لە پێگەی سێهەمدا لە دوای ئاشوور و نینلیل، لەوانەیە بە گەڕانەوە بۆ ناوی سەنحاریب لێکبدرێتەوە ("سین جێگای براکانی گرتۆتەوە").1

    خوداوەند ئانو یان ئینلیل. توڵێك و ئەڵقەیەکی بە دەستی چەپیەوەیەتی و دەستی ڕاستی بەرزکردۆتەوە و لەپی دەستی کراوەتەوە. هێماکەی سەرکڵاوە 5 قۆچیەکەی ئەستێرەیەکی 8 لایە. لەسەر هەژدیهایەك ڕاوەستاوە.

    شەمش، خوداوەندی خۆر. پۆشاکەکەی، تایبەتمەندیەکانی، هێماکانی زۆر هاوشێوەی ئەوانەی خوداوەندەکەی بەردەمین. بەڵام خۆرێکی خڕی باڵدار لەسەر تاجەکەی جیای دەکاتەوە. ئەو تەنها خوداوەندە کە لەسەر ئەسپێکە کە کۆپانی ڕازاوەی بەسەرەوەیە.  

    ئەدەد، خوداوەندی زریان. هێمای سەر کڵاوەکەی ئەستێرەیەکە. ئەم خوداوەندە بە شێوەیەکی سەرەکی بە هەورەبروسکەکانیدا لەوانی تر جیاکراوەتەوە، کە لە هەر مستێکیدا دانەیەك هەیە. بروسکەکان بە هەردوو ئاراستەدا دێنە دەرەوە. خوداوەندەکە لەسەر شێرێکی قۆچدار ڕاوەستاوە لەسەر هەڵکۆڵراوێك، گایەك کە باوترین ئاژەڵە کە پێیەوە دەبەسترێتەوە لەگەڵ شێرەکەدا دانراوە. 

    خوداوەندی عیشتار. کڵاوەکەی سەری ئەستێرەیەکی هەشت نوکی پێوەیە، کە نوێنەرایەتی شێوە ئەستێرەییەکەی دەکات. ئەلقەیەك بە دەستی چەپیەوەیەتی، دەستی ڕاستی بەرزکردۆتەوە و بە هەمان هێمای نینلیل و ئەوانی تر.

    بابەتی ئەم پاشایە و بوونی خوداوەند لە لاکانیەوە لە هەڵکۆڵراوی مەزنی خنسیش دەبینرێت، (هەرچەندە لەوێ تەنها دوو خوداوەند هەیە) و هەروەها ئەم بابەتە لە لە سەر زنجیرەیەك هەڵکۆڵراویش هەیە بە درێژایی کەناڵی فەیدیە.

    • 1Boehmer 1975, 51

    بۆ بینینی سەرچاوە گشتیەکان دەربارەی هەڵکۆڵراوەکان، و دوخەکەیان، و قەبارەکانیان، و سیمبولەکان سەیریThureau-Dangin 1924; Bachmann 1927, 23–27; Shukri 1954, 86ff; Boehmer 1975; Börker-Klähn 1982, 210–211, nos. 207–210; Reade 1990; Bahrani 2017, 266–267 بکە.

    لە سەردەمانی کۆندا ئەم هەڵکۆڵراوانە کەوتبوونە ناوچە دوورەکان لە قەراغی ناوچەی ئاشوریەکان، هەرچەندە دوو گرد لە نزیکی گوندەکەی پێشووی ماڵتای هەن کە لە سەردەمی ئاشوریەکان داگیرکرابوون (وێنە تۆپۆگرافیەکە ببینە)1. یەکێك لەوانە دەکەوێتە دۆڵەکەی خوار هەڵکۆڵراوەکاندا. هەرچەندە هیچ دەقێکی نووسراو لەگەڵ هەڵکۆڵراوەکاندا نیە، پێگەو لێکچوونیان لەگەڵ هەڵکۆڵراوەکانی فەیدیە و خنس ئەوە نیشان دەدەن کە دەبێت مێژووەکەیان بۆ سەردەمی دەسەڵاتی هەمان پاشا بگەڕێتەوە، کە ناونراوە سەنحاریب لە خنس. هەڵکۆڵراوەکان مێژووەکەیان بە وردتر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 680کان بە هۆکاری بوونی ئەو هەژدیهایەی کە خوداوەند ئاشوور لەسەری وەستاوە، کە هێمای مەردوك و بابلە. بڕیاری دروستکردنیان ئەوە نیشان دەدات کە شارەکە لەو کاتەی کە تابلۆکان تێدا هەڵکۆڵراون داگیرکراوە (689 پێش زایین). ئەگەر هەیە کە پەیوەندیان هەبێت بە سیستەمی دابینکردنی ئاو لەلایەن سەنحاریبەوە بۆ پایتەختەکەی. لێکۆڵینەوەی تۆپۆگرافی ئەوەی ئاشکراکردووە کە کاری گەورەی دروستکردنی کەناڵ لەم ناوچەیەدا بە درێژایی ماڵتای تا گرەپان لە باشوور کراوە کە لەوانەیە بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی ئاو بووبێت لە ڕووباری دهۆکەوە بەرەو ڕووباری فەیدیە و لە کۆتاییدا بۆ نەینەوا لە ڕێگەی دیجلەوە.2

    هەڵکۆڵراوەکان نیشانەی هێز و دەسەڵاتی ئاشوریەکان بوون، و نیشاندەری گۆڕانکاری ناوچەکە بوون لە لایەن پاشاوە کە ئاوی بۆ ئاشوور دابینکردووە. بەڵام لە بەرزەیی دۆڵەکەدا دانراون و خراونەتە سەر ڕووی لێژی چیاکە و گەیشتنیش پێی ئاسان نیە. وێنەکانی لە دۆڵەکەوە بە کەمی دیارن، لەبەر ئەوە وردەکاری سیمبولەکانی لە ڕووی پڕوپاگەندەی سیاسیەوە ناتوانرێت بە تەواوەتی وەربگیرێن.3 هەڵکۆڵراوەکان بەرهەمە هایدرۆلیکیەکانی سەنحاریب نیشاندەدەن و هەروەها خاوەندارێتی ناوچەی سروشتیشی کە بە بینین ئاشکراو خۆ ڕاگرن. دووبارە دروستکردنەوەی وێنە لە نزیکی یەك، کە لە فەیدیەش دەبینرێن، دەبێت لە چوارچێوەی نەریتی هونەری میزۆپۆتامیا و مێژووی کاری هەڵکۆڵینی ئاشووری لێکبدرێتەوە کە تێیاندا دووبارەبوونەوە زۆر گرنگ و مانادار بووە.4  

    لە کۆتایی سەردەمانی کۆندا (لە سەدەی 5 یان 6ی پاش زایین)، ژمارەیەکی زۆر لە گۆڕ لە پانێڵە بەردییەکاندا هەڵکەندراون،5 کە هەندێك لە فیگەرەکانیان زیان پێگەیاندووە. گۆڕێکی تەواونەکراو، کە شێوەی تاقێکی شێوە کەوانی هەیە بەشی سەرەوەی زۆرێك لە فیگەرەکانی تێکداوە. گۆڕێکی تر، ئەمەیان شوێنی چوونە ژوورەوەکەی لاکێشەییە، لە ناو تابلۆکەدا هەڵکۆڵراوە، کە چەند بەشێکی فیگەرەکەی تێکداوە. ئەم گۆڕە لە ڕاستیدا دەرهێنراوە و شوێنی چوونە ژوورەوەکەشی لە لایەن دەڵالی ئاسارەوە زیاتر بڕدراوە لە نێوان ساڵانی 1924 و 1932 (ئەو وێنانەی کە لە پێش ساڵانی 1924 گیراون شوێنی چونە ژوورەوە ڕەسەنەکەی نیشان دەدەن).6 لەوانەیە کە پرسیاربکرێت کە ئایا ئەم گۆڕانە تەنها بۆ مەبەستێکی پراکتیکی لێرەدا دانراون، بۆ نمونە لەبەر ئەوەی کە ڕووکارەکەی تەخت بووە، یان هیچ گرنگیەکی تێدا بووە کە گۆڕەکە بخرێتە مۆنۆمێنتێکەوە کە خۆی ئەوەندە دێرین بووە.

    • 1. لەلایەن Victor Placeەوە هەڵکەندراون. (سەیری 1867–1870 (3) بکە).
    • 2. Ur 2005, 327-328; 334 هەروەها، سەیری ئەم بوچوونە بکە کە دەڵێت هەڵکۆڵراوەکان لەلایەن سەرگون دروستکرابوون بۆ پرۆگرامی ئاو: Morandi Bonacassi 2012-2013, 195-196, and id. 2018, 93-97. لێرە، نوسەرەکە دەڵێت کە هەڵکۆڵراوەکانی مالتای و کەناڵەکانی ئاوی فەیدیە پەیوەندیان بە نوسراوەکانی سەنحاریبەوە نیە چونکە بە سیستەمەکانی باکورەو بەستێنراو نەبوون، بە پێچەوانە، ئاویان بۆ نیشتەجێگایە لوکاڵەکەانیان دەبرد؛ هەروەها هەندێك تاووتوێی تریش دەهێنێتە پێش و دەڵێت کە ستایڵ و ووردەکاری سیمبولەکانی هەڵکۆڵراوەکان و کەناڵەکان ئەوە دەسەلمێنن کە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی سەرگون دەگەڕێنەوە.
    • 3.  Bahrani 2017, 264: هەروەها سەیری Malko 2014 بکە.
    • 4. دەربارەی ئارمانج و گرنگی دووبارەکردن لە پەیکەری ڕۆژهەلاتی ناوەراست سەیریZainab Bahrani, The Infinite Image (London: Reaktion Books, 2014), 115-144 بکە.
    • 5. Boehmer 1976.
    • 6. Rouet 1846 سەیری تاووتێیەکە بکە لە Thureau-Dangin 1924, 185.

    کۆنترین بڵاوکراوە کە ناوی هەڵکۆڵراوەکانی هێنابن لە ماڵتای لە نامەیەکدا دەبینرێت کە لە ساڵی 1845 لە لایەن سایمۆن رۆوت نوسراوە. سایمۆن دیپلۆماتکارێکی فەرەنسی بووە کە کاری بۆ حکومەتی فەرەنسی کردووە لە بەغداد. لێرەدا ڕۆوت تێبینی ئەوە دەکات کە لە کاتی یەکێك لە سەردانەکانیدا جوتیارێکی کلدانی ڕێنوێنی کردووە بۆ شوێنێك کە تابلۆی هەڵکۆڵراوی زۆر سەرنجڕاکێشی لێبووە.1 لە پاش ئەم ڕاپۆرتە، هەڵکۆڵراوەکان لە لایەن ژمارەیەك گەشتیار و شوێنەوارناسەوە ناوبراون کە بە ناوچەکەدا تێپەڕیون، لەوانەش ئۆستن هێنری لەیارد.2 هەڵکۆڵراوەکان لە ساڵی 1898 لە لایەن کارڵ ئێف لێهمان-هاوپت و لە ساڵی 1909 لە لایەن گێرترود بێڵ وێنە گیراون.3 واڵتەر باخمان لە ساڵی 1914 وێنەی زیاتری کردووە بە شێوەیەکی سیستەماتیکی لێکۆڵینەوەی لێکردوون لەسەر بنەمای سەردانەکانی بۆ ماڵتای، خنس و گوندك. بەڵام بە هۆکاری جەنگە گەورەکە لێکۆڵینەوەکەی باخمان هەتا ساڵی 1927 بڵاونەکرایەوە.4 لەم کاتەدا، شیکاریەکی هەڵکۆڵراوەکان بە وێنەی نوێوە لە لایەن فرانسوا ترودۆ-دانگین لە ساڵی 1924 بڵاوکرایەوە.5 کۆنترین بڵاوکراوە بە زمانی عەرەبی لە لایەن ئەکرەم شوکری بووە لە ساڵی 1954.6

    • 1. Böhl and Weidner 1939-1941.
    • 2. Layard (1849 (1), 229–231)ڕونکردنەوە لە دەربارەی دیمەنە هونەریەکان و بارودوخی هەڵکۆڵراوەکان دابیندەکات؛ Victor Place، ئەو کەسەی کە لە نزیك گردی ماڵتای هەڵکەندنی ئەنجامداوە بە کورتی ئاماژە بە هەڵکۆڵراوەکان دەکات و وێنەکێشانێکی دەستپێکی دابیندەکات (1867–1870 (3), pl. 45).
    • 3. بۆ بینینی فوتگرافەکانی Gertrude Bell سەیری “Album M” (nos. 53–57) on the Gertrude Bell Archive online: http://www.gerty.ncl.ac.uk/photos.php بکە. هەروەها سەیری ئەو فوتوگرافانە بکە کە لە ساڵی 1922 چرکێندراون لە (Album I; “Dohuk Ridge”).
    • 4. Bachmann 1927.
    • 5. Thureau-Dangin 1924.
    • 6. Shukri 1954, 86ff. and plates 2–4.

    سەیری لیستی تەواوی بڵاوکراوە سەرەکیەکان بکە لە Börker-Klähn 1982, 210.

    Bachmann, Walter. 1927. Felsreliefs in Assyria, Bawian, Maltai und Gundűk. Wissenschaftliche Veröffentlichung der Deutschen Orient-Gesellschaft 52. Leipzig: J. C. Hinrichs.

    Bahrani, Zainab. 2017. Art of Mesopotamia. New York: Thames & Hudson.

    Boehmer, Rainer M. 1975. “Die neuassyrischen Felsreliefs von Maltai (Nord-Irak).” Jahrbuch des Deutschen Archäologischen Instituts 90: 42–84.

    Boehmer, Rainer M. 1976. “Arcosolgräber im Nord-Irak.” Archäologischer Anzeiger 91: 416–421.

    Böhl, Franz M. Th. and Ernst F. Weidner. 1939-1941. “Die Lücke in der Reliefgruppe III von Maltai: Zwei Götterbilder von Antikenräubern herausgebrochen.” Archiv für Orientforschung 13: 128–134.

    Börker-Klähn, Jutta. 1982. Altvorderasiatische Bildstelen und vergleichbare Felsreliefs. Baghdader Forschungen 4. Mainz am Rhein: P. von Zabern.

    Layard, Austen Henry. 1849. Nineveh and Its Remains. 2 vols. London: J. Murray.

    Lehmann-Haupt, Carl F. 1907. Materialien zur älteren Geschichte Armeniens und Mesopotamiens. Berlin: Weidmannsche Buchhandlung.

    Malko, Helen. 2014. “Assyrian Rock Reliefs: Ideology and Landscapes of an Empire.” Assyria to Iberia Exhibition Blog, Metropolitan Museum of Art. https://www.metmuseum.org/exhibitions/listings/2014/assyria-to-iberia/b…

    Morandi Bonacassi, Daniele. 2012–2013. “Il paesaggio archeologico nel centro dell’impero assiro: Insediamento e uso del territorio nella ‘Terra di Ninive.’” Atti dell’Instituto Veneto di Scienze, Lettere ed Arti, Classe di scienze morali, lettere ed arti 171: 181–223.

    Morandi Bonacassi, Daniele. 2018. “Water for Nineveh: The Nineveh Irrigation System in the Regional Context of the ‘Assyrian Triangle’; A First Geological Assessment.” In Water for Assyria, edited by Hartmut Kühne, 77–116. Wiesbaden: O. Harrassowitz.

    Place, Victor. 1867–1870. Ninive et l’Assyrie. 3 vols. Paris: Imprimierie impériale.

    Reade, Julian E. 1990. “Maltai.” In Reallexikon der Assyriologie und vorderasiatischen Archäologie, vol. 7: 320–323. Berlin: W. de Gruyter.

    Rouet, Simon. 1846. “Lettres de M. Rouet, sur ses découvertes d’antiquites assyriennes.” Journal Asiatique 7: 280–290.

    Shukri, Akram. 1954. “Rock Sculptures in the Mountains of North Iraq.” Sumer 10: 86–93 (in Arabic).

    Thureau-Dangin, F. 1924. “Les sculptures rupestres de Maltaï.” Revue d’Assyriologie et d’archéologie orientale 21: 185–197.

    ناوەڕۆك
    ماسیۆ پیبڵز و هێلین مەلکۆ (2020)