هەڵکۆراوی بەردینی خنس

ناوی تر (جێگرەوە)

باڤیان; خنس; خەنیس; هینس; هێموس; خونس

بەروار

690 پێش زاین

بەرواری دۆكیومێنتكردنی پێگەی MMM
پایزی 2013
جۆری پێگە
هەڵكۆڵراوی بەردین وگۆڕەكان
گوند
خنس
پارێزگا/هەرێم
پارێزگای نەینەوا
    ميديا

    دیمەنە گشتیەکانی پێگەکە و سروشتی چواردەوری

    هەڵکۆڵراوە سەرەکیەکە

    هەڵکۆڵراوی سوارچاکەکە

    وێنە مێژوویەكان

    وێنە تەواوكەرەكان

    کۆمەڵگەی خنس، کە لە کۆندا بە خنوسا ناوبراوە، بە دووەری 60 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ، لە نزیك گوندی خنس لە عێراقی نوێدا. دەکەوێتە ئەو شوێنەی کە ڕووباری جۆمێل (گۆمێل) بە ناو خەرەندێکی بەردینی قوڵدا دەڕوات. بەپێی دەقە هەڵکۆڵراوە بزماریەکانی شوێنەکە، ئەم کۆمەڵگە گەورەیە لەلایەن پادشا سەنحاریب، پادشای سەردەمانی ئیمپراتۆریەتی ئاشوری نوێ، لە ساڵی (703-681 پێش زاین)، لە بەشی سەرەوەی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەو جۆگەیەی کە ئاوی بردووە بۆ نەینەوا و چواردەوری، دروستکراوە. هەڵکۆڵراوە بەردینەکان- کە پێکدێن لە تەختە تابلۆیەکی سەرەکی، مۆنۆمێنتی دەروازە، هەڵکۆڵراوی بەرجەستەی سوارچاکێك، و هەڵکۆڵراوەکانی شێوە کێل- لە سەر ڕووکاری دۆڵێکی تەسك، لە بەشی ڕاستی ڕووباری جۆمێل هەڵکەندراون. ناوی نوێی ڕووبارەکە، لە ناوی یۆنانی گواگمێلا دەچێت، لە باشوری خنس، لەو شوێنەی کە جەنگێکی گەورەی بەناوبانگ تێیدا ڕوویداوە.

    لەپاڵ هەڵکۆڵراوە بەردینە ئاشوریەکاندا، لە سەردەمانی دواتردا، هەندێك گۆڕ لە ڕووکاری خەرەندەکە لە خنس هەڵکەندراون. لە هەندێک حاڵەتدا، ئەم گۆڕە نوێیانە، هەڵکۆڵراوە بەردینە ڕەسەنەکانی شوێنەکەیان شێواندووە.

    تایبەتمەندیە سەرەکیەکانی شوێنەواری خنس، ئەمانە دەگرێنەوە: تەختە تابلۆی سەرەکی، مۆنۆمێنتی دەروازە، فوارەکە، ‌هەڵکۆڵراوی بەرجەستەی سوارچاکەکە، و ‌هەڵکۆڵراوە بەردینەکانی شێوە کێل.  

    تەختە تابلۆی سەرەکی:

    گەورەترین تەختە تابلۆیە بەشێوەیەکی بەرجەستەیی هەڵکۆڵدراوە لەسەر ڕووکاری بەردەقسڵی خەرەندەکەدا. هەموو دیمەنەکە بە چوارچێوەیەکی 8.5 مەتر بەرز و 9 مەتر پان دەورەدراوە. پادشای ئاشوریەکان بە دوو جار نیشاندەدات، کە جارێك ڕووی لە ڕاستە و جارێك ڕووی لە چەپە بۆ پەرستنی خوداوەند ئاشور و هاوسەرەکەی، خوداوەند نینلیل. دوو خوداوەندەکە بەشێوەیەك پێشکێشکراون کە ڕوویان لەیەکە و لەسەر گیانەوەرە ئەفسانەییەکانی دووڕەگ وەستاون. هەردووکیان  جۆرە کڵاوێکیان لەسەردایە کە شاخی هەیە، ئەمەش وێنەیەکی ئاسایی خوداوەندەکانی میزۆپۆتامیایە. لە دەستی چەپی، ئاشور پارچە دارێکی درێژ و مستیلەیەکی بە دەستەوەیە کە مستیلەکە وینەی پاشای بە خڕی لەسەر دروستکراوەتەوە. بـەڵام لە دەستی ڕاستی، شمشێرێکی شێوەیە کەوانەیی هەڵگرتووە. نینلیل پارچە دارێکی درێژی پێیە کە بەشی سەرەوەی گەورەترە و وەك پەلەکانی دارخورما نەخشێنراوە، و مستیلەیەکی پێیە کە وینەی پاشای بە خڕی لەسەر دروستکراوەتەوە. دەستی چەپی بۆ پێشەوە بەرەو لای ئاشور درێژکردووە، پاشماوەی چەند بازنێکی بە گوڵ نەخشێنراو لەسەر مەچەکی چەپ و ڕاستی دەردەکەون. و هەروەها خوداوەندەکە ملوانکەیەکی بە گوڵ نەخشێنراوی لە ملدایە. هەردوو خوداوەندەکە گوارەی زۆر درێژیان لە گوێدایە. لەپشتی هەریەکێك لە خوداوەندەکانەوە، پاشا سەنحاریب وەستاوە و دەستێکی بەرزکردۆتەوە بۆ نزیکی ڕوخساری وەك ئاماژەیەك بۆ پەرستش و دارێکـی شاهانەیی (صولجان) بەدەستەکەی تریەوە گرتووە.

    پاشاکە کڵاو و ڕۆبی کلاسیکی ئاشوری لە بەردایە. لەسەروی چوارچێوەی ئەم تەختەتابلۆیەوە، پاشماوەی دوو سفینکس (بوونەوەرێکی ئەفسانەییە، سەری مرۆڤ و باڵی هەڵۆ و لاشەی شێری هەیە) دانیشتوو هەن کە ڕوویان لە ڕووبارەکەیە. وا دیارە لە ڕابردوودا، ئەم دوو سفینکسە پەیکەر یان ستوونی ستراکچەرێکی تریان ڕاگرتووە. ماوەیەك پاش سەردەمانی ئاشوریەکان، چەند ژوورێك لە ناو ئەم تەختەتابلۆیەدا هەڵکۆڵکراون، کە لەوانەیە وەکو شوێن گۆڕ بەکارهێنرابێت. دەروازەی دوو ژوورە گەورەکەیان بە ستوون ڕازێنراونەتەوە، بەڵام وادیارە دواتر لەیەك ترازاون و جیابوونەتەوە. لەناو ئەم گۆڕانە و دیوارەکانیاندا، چاڵ هەڵکەندراون وا دیارە کە لاشەی مردوویان تێدا دانراوە لە ڕابردوودا.

    مۆنۆمێنتی دەروازەکە:

    مۆنۆمێنتی دەروازەکە لەبەردێکدا هەڵکۆڵراوە لە بەشی سەرەوەی جۆگەکە، و دەکەوێتە بەشی ڕاستی ئەو تەختەتابلۆیەی پێشتر باسکرا. مۆنۆمێنتەکە داڕماوە و کەوتۆتە ناو ڕووبارەکەوە، بەڵام بەشێکی زۆری لەسەر ڕووی ئاوەکە دیارە. هەڵکۆڵراوە بەرجەستەکان لەسەر دوو ڕووکاری لاکێشەیی هەڵکۆڵراون. یەکێکیان گەورەترە و لەسەر تەختەبەردەکەی پێشەوەیە و دوو وێنەی لەسەرە، هەڵکۆڵراوە بەرجەستەکەی تریان بچوکترە و لە لای ڕاستە. بەپێی ئەو وێنەیەی کە واڵتەر باخمان دروستیکردۆتەوە، وێنەکەی پێشەوەی بەشی سەرەوە، دوو خوداوەند نیشاندەدات، ئاشور و نینلیل، کە لەسەر ئاژەڵەکانیانن (ئاشور لەسەر شێرێکی باڵدارە و نینلیل لەسەر شێرێکە). و لە نێوانیان وێنەی سەنحاریب هەیە. لەو بەشەی هەڵکۆڵراوەکە کە ماوە، پاشا ڕووی لە ئاشورە و ئاماژەی پەرستن نیشاندەدات. وێنەکەی خوارەوە، وێنەی ڕووی پێشەوەی پاڵەوانێکی موو درێژ نیشاندەدات کە شمشێرێکی شێوە کەوانەیی بەدەستی ڕاستی هەڵگرتووە و بە دەستی چەپیشی شێرێکی بچوکی هەڵگرتووە. لە هەر لایەکیەوە، گـایەکی باڵدار (لاماسوو) هەیە کە هەموو لاشەیان دەرکەوتووە و سەریان لە سوچەکـانی مۆنۆمێنتەکەدان (گـاباڵدارەکەی لای چەپ بە تەواوی لەناوچووە و نەماوە). هەموو دیمەنەکە، بە تایبەتی ئەو بەشەی کە پاڵەوانەکە ئاژەڵەکەی هەڵگرتووە، هەروەك ئەو هەڵکۆڵراوە بەرجەستانەی تر وان کە لە کۆشکەکانی سەردەمی ئـاشوریە نوێیەکان دۆزراونەتەوە (ڕووکاری کۆشکی خۆرساباد).

    هەڵکۆڵراوە بەرجەستەکەی ڕووکاری مۆنۆمێنتەکە لە ئێستادا نیوەی لە ناو ئاوی ڕووبارەکەدایە. پێکهاتەکەی، کە سەنحاریب و خوداوەندەکان نیشاندەدات، بە یەك ئەندازە نەخشێنراون. هەروەك تەختە تابلۆە سەرەکیەکە، وێنەی پاشا لە هەردوو لای ڕووکاری پێشەوەی وێنەکە دەردەکەوێت. بەڵام تەنها یەك خوداوەند- زۆر لە ئاشور دەچێت- لێرەدا نەخشێنراوە. سێ وێنەکەی تر، لەسەر هەمان جۆر و قەبارەی تەختە وەستاون. هەرچەندە وێنەی خوداوەندەکەی ناوەڕاست کەمێك گەورەترە، هەردوو خوداوەند و پاشا هەمان جۆر داری شاهانەییان بەدەستەوەیە. ئەمەش لێکچونێکی لە نێوان ڕوخساری خواوەندەکە و پاشاکەی سەر زەوی دروستکردووە. ئەو تەختەی کە پاشاکەی لای چەپی لەسەر وەستاوە هێشتا هەر دیارە، بەڵام هیچ پاشماوەیەکی دوو تەختەکەی تر نەماوە. دیمەنەکە لە ناوەڕاستی ڕووی پێشەوەی دوو گای باڵداردایە کە هەر وەك تەواوکەری وێنەکەی ڕووکاری پێشەوەی مۆنۆمێنتەکە وایە.

    فوارەکە:

    فوارەکە لە لایەن ئۆستن هێنری لەیاردەوە لەم شوێنەوارەدا هەڵکەندراوەتەوە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا. ئەم فوارەیە لە کۆمەڵێك حەوزی بچوك پێکدێت کە لە بەرد هەڵکۆڵراون و ووردە ووردە بۆ ناو ڕووبارەکە شۆڕ دەبنەوە، لە بەشی ڕاستی تەختە تابلۆی سەرەکی دۆزراونەتەوە. وا دیارە کە لە سەرەتادا ئاو لە حەوزێکەوە لە ڕێگەی ڕێڕەوێکی بچوکەوە چوبێت بۆ حەوزێکی تر و کۆتا حەوزیان سوێنەی دوو شێری بەشێوەی بەرجەستە لەسەر نەخشێنراوە. مێژووی ئەم فوارەیە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ئـاشوری نوێ دەگەڕێتەوە.

     تابلۆی سوارچاکەکە:

    یەکێکی تر لە مۆنۆمێنتە گرنگەکانی خنس، هەڵکۆڵراوی بەرجەستەی سوارچاکەکەیە لەبەشی ڕاستی تەختەتابلۆی سەرەکی. ئەم تابلۆیە وێنەی پیاوێك نیشاندەدات لەسەر ئەسپێك لە ناوەڕاستی تەختێکی چوارگۆشەیی گۆشە ناڕێکی 4.2 مەتر بەرز و 6.7 مەتر پان. هەڵکۆڵراوە بەرجەستەکە بەهۆی دووبارە هەڵکۆڵین و هەڵکەندنی گۆڕەکانی پاشتر و پڕۆسە سروشتیەکانەوە زۆر بەخراپی تێکچووە. بۆیە، هەر تاریفێکی ورد و درشتی پێکهاتە سەرەکیەکانی دەبێت پشت بە وێنەکێشان و وێنە فۆتۆگرافیەکانی گەشتیار و شوێنەوارناسە سەرەتاییەکان - وەکو لەیارد و تی ئێس بێل، کینگ و باخمان- و چاککردنەوە نوێیەکان ببەستێت.1

    لە پاڵ پاشماوەی پیاو و ئەسپەکەدا، کە هێشتا لەسەر تەختەکە دەتوانرێت ببینرێن، تۆمارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڵکۆڵراوە بەرجەستەکە دواتر لایەنی کەم بە دوو قۆناغ هەڵکۆڵراوە: لە قۆناغی ئاشوریە نوێیەکان و پاشان قۆناغی دواتر (کە لە وانەیە لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی ئەشکانیەکان بووبێت)، وێنەی سوارچاکەکە بۆ ئەم قۆناغی دووەمە دەگەڕێتەوە. لەوەی قۆناغی سەردەمی ئاشوریە نوێیەکان، پاشماوەی بچوکی قاچ و جلوبەرگی وێنەیەکی گەورە، کە ڕووی لە چەپ بووە، ماوەتەوە. وێنەکە دەتوانرێت وەك پاشایەکی ئاشوری (کە لەوانەیە سەنحاریب بووبێت) بناسێنرێت. گەورەترین تایبەتمەندی جیاکەرەوەی وێنەکە، ئەو مەنگۆلانەی جلوبەرگەکەی پاشایە کە لە دواوە بۆ پێشەوە شۆڕ بوونەتەوە بۆ خوارەوە. ئەمەش تایبەتمەندیەکی ستانداردی جلوبەرگی شاهانەیی پاشایە.

    پاشماوەکانی دووەم تابلۆی گەورە لەلای چەپی هەڵکۆڵراوە بەرجەستەکە، کە ڕووی لای ڕاستە، وەك وێنەی پاشایەکی تر، بە هەمان دووری و پێوانە، تۆمارکراوە هەر وەك ئەوەی لای ڕاست. بۆیە لەسەر تەختەکە وێنەی دوو پاشا هەبوون کە ڕوویان لە یەك بووە. وێنە فۆتۆگرافیە مێژوویەکان ئەوە نیشاندەدەن کە لەبەشی سەرەوە، لای سوچی دەستە ڕاستی تەختەکە، وێنەی دوو کەسی تر هەن کە دەستی ڕاستیان بۆ سەرەوە بەرزکردۆتەوە و لەسەر ئاژەڵ وەستاون کە وا دەردەکەوێت ئاژەڵەکان بەرەو لای چەپ بڕۆن. پارچەکانی وێنەی کەسی سێیەمیش دیارن (سەیری وێنە فۆتۆگرافەکەی واڵتەر باخمان بکە). لای ڕاستی وێنەی ئەو کەسەوە، وێنەی ئاژەڵێك هەیە کە شاخێکی پێچخواردووی هەیە، و کەمێك زیاتر لەلای ڕاستەوە، لەوانەیە وێنەی قۆڵی مرۆڤێکی تر بێت کە قۆڵی بەرزکردۆتەوە.

    سوارچاکەکە لە ئێستادا دیارترین بابەتی ئەم تەختەیە کە بەشێوەی دیمەنی سێ سوچی نیشاندراوە و شانی چەپی دیارە. لە دەوری ملی، ملوانکەیەك هەیە کە دووقەدە و بەشێك لە قەدی سێیەمی ملوانکەکەش دیارە. قەدی جلەکان بۆ خوارەوەن بەرەو ناوقەدی. دەستی چەپی سوارچاکەکە نەماوە، بەڵام لەوانەیە ئەو دەستەی چەماوبێتەوە هەروەك چۆن لە وێنەکێشراوەکانی لەیارددا هەیە. لەم حاڵەتەدا، لەوانەیە سوارچاکەکە تیرێکی گەورەی بەدەستەوە بووبێت، بەشێك لەم تیرەگەورەیە وا دیارە بە شێوەیەکی ئاسۆیی لە بەشی خوارەوەی ملی ئەسپەکە ماوەتەوە. قاچی ڕاستی سوارچاکەکە وەك هێڵێکی بچڕاو دیارە. ئەم هێڵە بچراوە بە تەواوی بە شانی ئەسپەکەدا چۆتە خوارەوە. لای ڕاستەوە، دوو هێڵی ڕێکی نزیك لەیەك بەسەر لاشەی ئەسپەکەدا ڕۆشتوون بۆ لای خوارەو و ڕاست شۆڕ بوونەتەوە. ئەم ‌هێڵانە لەوانەیە قەراخی بەشی خوارەوەی زینی ئەسپەکە بن، یان هەر وەك ئامڕازێکی ڕازاندنەوە بۆ زینی ئەسپەکە بووبێت. بەشێك لە چاوی ئەسپەکە دەتوانرێت جیا بکرێتەوە، بەڵام پارچەیەکی سادەی باکگراوندەکەی لای ڕاستەوە وەك لمۆزی ئەسپەکە سەیر دەکرێت. دەستی پێشەوەی لای چەپی ئەسپەکە بەرزکراوەتەوە و لە پشتی سنگیەوە دەردەکەوێت. دەستی پێشەوەی لای ڕاستی باشتر ماوەتەوە، بە شێوەیەکی ئاسۆیی درێژکراوە و لە ئەژنۆیەوە بۆ زەوی چەماوەتەوە. هەڵکۆڵراوی سوارچاکەکە دوو نەریت پێکەوە گرێدەدات، ئەشکانی/ساسانی و یۆنانی. ئەمەش وادەکات کە بگوترێت لەوانەیە مێژووی ئەم هەڵکۆڵراوە بەرجەستەیە بۆ ساڵی 331ی پێش زاین بگەڕێتەوە، کاتێك ئەسکەندەری مەزن جەنگی گواگمێلای ڕێك لە باشوری ئەم شوێنە کرد.

    هەڵکۆڵراوەکانی شێوە کێل:

    لەبەشی سەرەوەی خەرەندەکە، لە هەردوو لای تەختە تابلۆ سەرەکیەکەوە، یانزە کونی شێوە کێلی هەڵکۆڵراو هەن. هەریەکێك لەمانە 2 مەتر درێژن. هەندێك لەم هەڵکۆڵراوانە بە ئاسانی دەتوانیت پێیان بگەیت، بەڵام هەندێکی تریان هێندە لەبەشی سەرەوەی ڕووکاری خەرەندەکەوەن کە لە بەشی خوارەوە نابینرێن. هەر یەکێکیان وێنەی هەڵکۆڵراوی بەرجەستەی سەنحاریب نیشاندەدات لە کاتی پەرستندا و هەندێك هێمای پیرۆزیش بەسەر سەریەوە دەبینرێن. ئەم هێمایانە بەچوار شێوازی جیاواز ڕیزکراون. یەکەمیان لە سێ تاج پێکدێت کە ئاماژەیە بۆ خوداوەندەکانی ئـاشور، ئانو، ئێنلیل، و میحرابێك کە پارچەدارێکی تێدایە و بەشی سەرەوەی بە سەری بەرانێك کۆتای هاتووە. ئەمەی کۆتاییشیان ئاماژەیە بە خوداوەند ئیا. گروپی دووەمیان شێوەیەکی نیوە مانگی- هێمای خوداوەندی مانگ-، و خۆرێکی باڵدار – هێمای شەمش (خوداوەندی خۆر)ی تێدایە. گروپی سێیەمیش تەختەیەکە کە تیرێکی سێ چوكڵەیی و سێ پارچەداری تێدایە کە ئاماژە بۆ خوداوەندەکانی ئەدەد، مەردوخ، نابو، و نەرگال دەکەن. هەروەها گروپی چوارەمیش لە گوڵێك و حەوت ئەستێرە پێکدێن کە ئاماژەیە بۆ خوداوەند عەشتار و سێبیتی.

    لایەنی کەم سێ لە هەڵکۆڵراوەکان دەقیان لەسەرە (4، 7، 11). ئەم دەقە هەڵکۆڵراوانە، کە بە دەقەکانی باڤیان ناسراون، بەیاخی تایبەتیان هەیە چونکە ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە مێژووی مۆنۆمێنتەکانی خنس بۆ سەردەمی پاشا سەنحاریب دەگەڕێتەوە، و تیشك دەخەنە سەر دەستکەوتە هایدرۆلیکیەکانی و هەروەها هێرشە سەربازیەکانی لە باشوری میزۆپۆتامیا (سەیری "دەقەکان" بکە).

    گۆڕەکانی دواتر

    لە دەوروبەری سەدەکانی چوار و پێنجی زاینی، چەند گۆڕێك لەسەر ئەم هەڵکۆڵراوە ئاشوریانە لە خنس هەڵکەندراون. سێ لەم گۆڕانە لەناو و چواردەوری ئەو بەردەدا هەڵکۆلدراون کە هەڵکۆڵراوی بەرجەستەی سوارچاکەکەی لەسەرە. ئەوەی لای چەپ لەهەردوو دیوی دەروازەکەوە پەنجەرەی هەیە. هەرچەندە ئێستا شیوەیان جیاوازە، لەوانەیە کە دەروازەکان و پەنجەرەکان لەهەمان تاقدا بووبن. بەپێی وێنەکێشانەکانی باخمان بێت، گۆڕەکانی سەر تابلۆی سوارچاکەکە لە چەند ژوورێك پێکهاتبوون کە لەسەر یەك بوون و لە بەشی ڕاست بۆ چەپ، لە خوارەوە بۆ سەرەوە، بەرزبوونەتەوە. ژوورەکان میچی خواریان هەبووە، وەك تاقی نزم، و شوێنی لە بەرد داتاشراویان تێدابووە بۆ لاشەی مردووەکان. ئەم گۆڕانەی ئێرە و ئەوانەی تەختە تابلۆی سەرەکی مێژووەکەیان بۆ سەردەمە تازەکان دەگەڕێتەوە.

    • 1Reade and Anderson 2013

    سەرچاوە گشتیەکانی 'تاریف و سیمبول و دیمەنە هونەریەکان':Layard 1853, 207–216; Bachmann 1927, 1–22; Reade and Anderson 2013, 97–122.

    لایەنی کەم سێ لە هەڵکۆڵراوە شێوە كێلەکان هەڵکۆڵینیان لەسەرە (4، 7، 11). تابلۆی ژمارە 4 دەکەوێتە بەشی خوارەوەی خەرەندەکە و دەتوانیت پێی بگەیت، بەڵام ئەوانەی تر لە بەشی سەرەوەن و لە بەشی خوارەوەی خەرەندەکە نابینرێن. هەرچەندە هەرسێکیان تێکچوون، بەڵام وا دەردەکەوێت هەمان شتیان لەسەر هەڵکۆڵراربێت. ئەمەش وایکردووە کە توێژەران بتوانن هەندێك لە نوسینەکان چاکبکەنەوە.

    ئەم دەقە هەڵکۆڵراوانە، کە بە دەقەکانی باڤیان ناسراون، یەکەمجار تاریفی دەستکەوتەکانی چوار سیستەمە هایدرۆلیکیەکانی سەنحاریب دەکەن و بە تایبەتی باسی بنیاتنانی سیستەمی باکوری ڕۆژهەڵات دەکەن و باسی ئەم مۆنۆمێنتە هەڵکۆڵدراوە دەکەن کە شوێنەکەیان ڕازاندۆتەوە. پـاشان باسی لافاو و خاپوربوونی بابل دەکەن لە ساڵی 689ی پێش زایندا.

    سەرچاو گشتیەکانی 'دەقەکان':Grayson and Novotny 2014, 310–317 (no. 223); see also 'Sennacherib 223' (http://oracc.museum.upenn.edu/rinap/rinap3/corpus/)  

    لە سەردەمانی ئیمپراتۆریەتی ئاشوریە نوێیەکاندا، کۆمەڵگای خنس شوێنێکی گرنگی سیاسی و ئاینی و ڕۆحی بووە. شوێنی ئەم هەڵکۆڵراوانە، لەسەر ڕووکاری ئەم بەردە لێژانە کە ڕاستەوخۆ بەسەر ڕووبارەکەدا دەڕوانن، وا دەردەکەوێت کە بۆ مەبەستی ئاینی لەبەشی سەرەوەی جۆگەکە دانرابێتن، نەك بۆ ئەوەی ببینرێت. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە مۆنۆمێنتەکە بەپێی ڕەوشە ئاینیەکەی لێکبدرێتەوە. پەرستنی پادشا بۆ خوداوەندەکان، لەسەرجەم وێنە بەرجەستەکانی ئەم مۆنۆمێنتە گەوەرەیەدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەمەش کەیف و خۆشی پادشا دەردەخات کە توانیویەتی دەستبگرێت بەسەر سەرچاوە ئاوییەکان و سامانە سروشتیەکانی ئەو ناوچەیەدا.

    لە سەردەمانی پاش ئیمپراتۆریەتی ئاشوریەکان، وا دەردەکەوێت کە ئەم شوێنە بایەخێکی سیاسی و ئاینی هەبووە. لە سەردەمانی ئەشکانیەکانن/ساسانیەکان تابلۆی بەرجەستەی نوێ لەسەر و لە تەنیشت تەختە ئاشوریەکانی شوێنەکە هەڵکۆڵدراون. لە پاڵ ئەوەشدا، شوێنەکە وەکو گۆڕستانێ بەکارهاتووە. گۆڕ لە ناو تەختە بەردیەنەکانی ئاشوریەکاندا هەڵکۆڵدراوە و هەڵکۆڵراوە ڕەسەنەکانی شێواندووە. ئەگەری ئەوەش هەیە کە ئەم گۆڕانە وەکو شوێنی خەڵوەت بەکارهاتبن لە سەدەکانی چوارەم و پێنجەمی زایندا. واتا پیرۆزی و سروشتی ئاینی ئەم شوێنە ئاشوریە هەر بەردەوام بووە.

    ئەمڕۆ، خنس پێگەیەکی بەناوبانگی کولتوری و سروشتی گرنگە بۆ توێژەران و خەڵکی ناوچەکە. ئاشوریەکانی عێراق، کۆمەڵگای خنس، وەك بەشێك لە ناسنامەی مێژووی و کولتوری خۆیان دەبینن.

    لە ناو ئەو گەشتیارانەی کە سەرەتا سەردانی خنسیان کردووە، گەشتیار ئۆستن هێنری لەیاردە کە یەکێکە لەوانەی کە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا سەردانی ئەم شوێنەی کردووە.1 لەم کاتەدا، لەیارد وێنەی هەڵکۆڵراوەکانی کێشاوە، و دەقە هەڵکۆڵراوەکانی کۆپی کردووە، و گۆڕە نوێیەکانی پشکنیوە و هەندێك هەڵکۆڵینکاری کردووە لە نزیك دەروازەی ئەم خەرەندە قوڵە و لە هەندێکی تر لە بەشەکانی دۆڵەکەدا. پاشماوە و بناغەی هەندێك لە ستراکچەرە بەردینەکانی چاککردۆتەوە و لەژێر لیتەی ڕووباری جۆمێل دەریهێناونەتەوە. لەبەشی سەرەوەی خەرەندەکە، تێبینی فوارەکەشی کردووە. کە هەندێك حەوزن لە بەرد داتاشراون و ووردە ووردە بۆ ناو ڕووبارەکە شۆڕ بوونەتەوە. لە پاڵ لەیارددا، تی ئێس بێڵ، کە هونەرمەندێك بوو لە لایەن دەستەی ئەمیندارانی مۆزەخانەی بەریتانیەوە نێردرابوو لە ساڵی 1851(دواتر لە ڕووباری جۆمێلدا خنکا)، وێنەکێشانی سوارچاکەکەی دروستکردەوە. لە ساڵی 1905دا، کینگ، پاش ئەوەی شوێنەکەی لە گژوگیا پاککردەوە، وینەی فۆتۆگرافی خنسی گرت. لە ساڵی 1909، گێرترود بێڵ سەردانی شوێنەکەی کرد. وێنەکانی گێرترود بێڵ ئەوە نیشاندەدەن کە شوێنەکە گژوگیای زۆری لێبووە. واڵتەر باخمان لە ساڵی 1914 دا، وێنەی خنسی گرت و توێژینەوەی لە بارەیەوە ئەنجامدا و لە ساڵی 1972 دا ئەنجامەکانی بلاوکردەوە.2

    • 1. دەربارەی گەڕانە سەرەتاییەکان سەیری Reade and Anderson 2013 بکە.
    • 2. Bachmannn 1927, 1-22 and pls. 2-24

    Bachmann, W. 1927. Felsreliefs in Assyria, Bawian, Maltai und Gundük. Wissenschaftliche Veröffentlichung der Deutschen Orient-Gesellschaft 52. Leipzig: J.C. Hinrichs.

    Bell, Gertrude. 1911. Amurath to Amurath. London: Dutton.

    Boehmer, R. D. 1997. “Bemerkungen bzw. Ergänzungen zu Gerwan, Khinis, und Faidhi.” Baghdader Mitteilungen 28: 245–249.

    Grayson, A. Kirk, and Jamie Novotny, eds. 2014. The Royal Inscriptions of Sennacherib, King of Assyria (704–681 BC). Vol. 2. Winona Lake, IN: Eisenbrauns.

    Jacobsen, Thorkild, and Seton Lloyd. 1935. Sennacherib’s Aqueduct at Jerwan. Chicago: Oriental Institute Publications.

    Hallo, William W. 2003. The Context of Scripture. Vol. 2, Monumental Inscriptions from the Biblical World. Leiden: Brill.

    Layard, Austen Henry. 1853. Discoveries in the Ruins of Nineveh and Babylon. New York: G. P. Putnam.  

    Reade, Julian E. 1977. “Shikaft-I Gugul: Its Date and Symbolism.” Iranica Antiqua 12: 33–44.

    Reade, Julian E. 1978. “Studies in Assyrian Geography I: Sennacherib and the Waters of Nineveh.” Revue d'assyriologie et d'archéologie orientale 73: 47–72.

    Reade, Julian E., and Julie R. Anderson. 2013. “Gunduk, Khanes, Gaugamela, Gali Zardak - Notes on Navkur and Nearby Rock-Cut Sculptures in Kurdistan.” Zeitschrift fűr Assyriologie 103: 69–123.  

    ناوەڕۆك
    Helen Malko (2016)
    چاککردنی ناوەڕۆك
    ماسیۆ پیبڵز (11/22/19)