جۆگەی جێروان

بەروار

690 پێش زاین

بەرواری دۆكیومێنتكردنی پێگەی MMM
بەهاری 2013
جۆری پێگە
پرد و کەناڵی ئاو
گوند
جێروان
پارێزگا/هەرێم
پارێزگای نەینەوا
    ميديا

    جۆگەی ئاوی جێروان واپێدەچێت کە کۆنترین جۆگەی ئاوی زانراو بێت لە جیهاندا. ئەم جۆگەیە، دەکەوێتە باشوری پارێزگای نەینەواوە، بەرامبەر شاری ئێستای موسڵ لە عێراق. ئەم جۆگەی ئاوە لە لایەن سەنحاریب، پادشای ئاشورییەوە دروستکراوە (704-681 ی پێش زاین). لە کاتی خۆیدا، بەشێوەیەکی زۆر پێشکەوتووی ئەندازیاری و بنیاتنراوە و دروستکراوە. ئەم جۆگەیە، وەك سیستمێکی هایدرۆلیکی، ئاوی لە دیوی دۆڵێکەوە بردووە بۆ دیوەکەی تری دۆڵەکە. سەنحاریب لە ڕێگەی ئەم جۆگەیەوە ئاوی بۆ نەینەوای پایتەختی دابیندەکرد.

    بەرزی گشتی جۆگەکە بە 9 مەتر و پانیەکەی (بە بێ دیوارە راگرەکان) بە 22 مەتر خەمڵێندراوە. درێژی گشتی ئەم جۆگەیە زیاتر لە 280 مەتر بووە، بۆیە بۆ ئەوکاتە، بیناسازیەکی پێشکەوتووی تێدا بەکارهێنراوە. جۆگەکە بە بەکارهێنانی بلۆکی گەورەی بەردین، هەرچەندە لە قەبارەدا جیاوازن، (جۆری ئاشلەر) دروستکراوە. لە بەشەکانی سەرەوەدا، بەردەکان 40 سانتیمەتر بەرزن و 50 سانتیمەتر درێژ و پانن. لە بەشی خوارەوە، بلۆکەکان گەورەترن، درێژی و پانیان مەتر بە مەترە و بەرزیان 70 سانتیمەترە. وا دەردەکەوێت کە بەردەکانی ڕووی دەرەوەی دیواری جۆگەکە، هەر لەو شوێنەدا داتاشراون، ئەمەش بەهۆی ئەو تەڵاشە بەردە قوڵانەوە دەزانرێت کەلە بەردەمی هەر ڕووکارێکی جۆگەکەدا هەیە. هەروەها شێوازی بیناسازی جۆگەکەش هەر هەمان ڕاستی دەردەخەن. لەبەرئەوەی کە لە زۆربەی شوێنەکاندا ڕووی بەردەکان بە شێوازێك ڕێکخراون کە لەگەڵ بەردی تەنیشتەکانیان بگونجێن و  لە نێوانیاندا بەشێکی گەورەی دیاری زبر هەیە. ئەمەش دیمەنێکی بیناکاری ڕەستیکی (تەخشین- ڕووی بەردەکان ڕێك نین، بەڵکو لە دیوارەکەوە بەشێوەی سێ ڕەهەندی دەرکەوتوون) بە دیواری جۆگەکە داوە.

    ئەو کنە و پشکنینە شوێنەوارناسیانەی لەم پێگەیەدا کراون، دەریدەخەن کە بنیاتنانی جۆگەکە بە ڕێککردنی (لێڤڵکردنی) زەویەکە بۆ بناغەکەی دەستیپێکردووە. بەشی ژێرەوەی جۆگەکە، ڕاستەوخۆ لە ژێر ئاوەکەوە، بە چینێکی بەردی شێوە لاکێشەیی داپۆشراوە. ئەم بەردانە داپۆشراون بە چینێك لە بەردی گەورەتر کە بە لێژی دانراون تا لەگەڵ ئاڕاستەی ئاوەکە بگونجێن و زیاتر جێگر ببن. دیوارەکانی جۆگەکە لەسەر ئەم ستڕاکچەرەوە (بناغەیەوە) دروستکراون. ڕووکاری جۆگەکە، لە ڕێگەی چەند ڕاگرێکی دیارەوە، کە لە ڕووکارەوە دەرپەڕیوون، بەسەر چواردە بەشدا دابەشکراوە. بەشێکی گەورە لە ناوەڕاستی جۆگەکەدا ئەو پێنج پایە شێوەتاقیە نوکتیژانەیان لە خۆ گرتووە کە دۆڵەکەیان لەمبەر بۆ ئەوبەر دەبڕی. پاشماوەکانی دوو کەوانەکەی لای ڕۆژئاوا، کە هەتا شەش چینی ماوەتەوە، ئەوە دەردەخات کە بە تەکنیکی کۆربێل (کە تەکنیکێکی بیناسازیە) دروستکراوە.

    لە نزیك کەوانەکانی جۆگەکە، شوێنەوارناسان گروپێك بەردی پێنج کەوانەکەیان دۆزیەوە کە هەموویان وەك یەك نەمابوونەوە. هەرچەندە شوێنە ڕەسەنەکەیان نازانرێت، بەڵام وا دەردەکەوێت کە یەك پلیکانەی گەورەیان دروستکردبێت لەو جۆرە پلیکانە گەورە شورائاسایانەی کە زۆر باو بووە لە بیناکاری ئاشوریدا. یەکێك لە بەردەکان تەنها لە یەك لاوە کرابووە پلیکانە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لەوانەیە ئەو بەردە هی کۆتا بەشی سەرەوەی پلیکانەکان بێت. جۆگەکە لە بناغەوە هەتا کەمێك خوار ئاستی ئاوەکەی ناوی، بەیەك شێوازی بیناکاری دروستکراوە. پاشان چینێك کۆنکرێتی 40 سانتیمەتری قوڵ بڵاوکراوەتەوە. لەسەرو ئەمەشەوە، بەردی تەختی داتاشراو، وەك شۆستە بە ڕێکی دانراوە. وە هەردوو لای بەردەکان بە دیواری بچوکی ڕاگیراوە. کۆنکرێتەکە لە هەردوولاوە ناگاتە ڕووی دیوی ناوەوەی دیوارەکان، و بیناکارەکان هیچ جۆینتێکی ڕاستەوخۆیان لە نێوان دیوارەکە و کۆنکرێتەکە بەجێ نەهێشتووە. بەمەش کێشی بەردەوامی دیوارەکە و کێشی گۆڕاوی ئاوەکەی ناو جۆگەکە نەبوونەتە هۆی دروستبوونی هیچ درزێك لە کۆنکرێتەکەدا، و بەمەش هیچ لێچونێك لە جۆگەکەوە ڕووینەداوە. و هەروەها، هێڵێکی بچوکی لێژ بە درێژایی بەشی بنەوەی دیوارەکان دروستکراوە بۆ ئەو کاتانەی کە جۆگەکە بەکارنەهاتووە، ئەم هێڵە بچوکە نەیهێشتووە ئاو لە هەندێك شوێنی هەستیاردا کۆ ببێتەوە یان بوەستێت.  

    سەرچاوە گشتیەکانی 'تاریف و سیمبول و دیمەنە هونەریەکان':Bachmann 1927; Jacobsen and Lloyd 1935, 6–18.

    هەندێك هەڵکۆڵینی نوسینی بزماری لە شوێنی جۆگەکە چاککراونەتەوە. هەندێك لەم هەڵکۆڵینانە هی ئەم شوێنەن و هەر لەم شوێنەش دۆزراونەتەوە. بەڵام هەندێکیان هی بینای ترن و بەکارهێنراونەتەوە.

    • هەڵکۆڵراوی ‌أ کورترین هەلکۆڵینە کە لەم شوێنەدا دۆزرابێتەوە. هەڵکۆڵینەکە نوسراوە: 'موڵکی سەنحاریبە، پادشای جیهان، پادشای ئاشور.'1 هەڵکۆڵینی أ لەو جۆرە هەڵکۆڵراوە سەر خشتانە دەچیت کە لە بینا ئاشوری و بابلیەکاندا دۆزراونەتەوە. لە ناوەرۆك و شوێنی نمونەیی ئەم هەڵکۆڵراوانەوە لەناو ڕایەڵەی بیناسازیدا، وا دەردەکەویت بەشێوەیەکی وا دانرابێتن کە تەنها لە کاتی خاپوربوونی بیناکاندا بتوانرێت بخوێندرێنەوە.
    • هەڵکۆڵراوی ب هەڵکۆڵراوی ستانداردی جۆگەکەیە و تۆماری وێنە هێڵکاریەکانی سەنحاریب دەکات کە چۆن لە ڕووبارە جیاوازەکان و شاخەکانەوە وای لە ئاو کردووە تێپەڕێت لە ڕێگەی دروستکردنی پردێکی بەردەبلۆکی سپیەوە.2 ئەم هەڵکۆڵینە لەچەند شوێنێك و لەسەر چەند ستراکچەرێك هەڵکەندراوە، بەتایبەتی لەسەر بەشی باکور، لەسەر هەموو  ڕاگرێك و تاقێکی چاڵ و  دیوارێکی ڕاگر (وەك لەو بەشانەوە کە ماون دیارە). چونکە هەڵکۆڵراوەکە بۆ ئەوە دانراوە کە ببینرێت، هێماکان گەورەن و بە ووریاییەوە دروستکراوەن.  
    • هەڵکۆڵراوی ج هەر وەك جۆرێکی کورتکراوەی هەڵکۆڵراوە ڕەسەنەکە وایە.3 هەروەك هەڵکۆڵراوی أ، شوێنی هەڵکۆڵینەکە ئەوە دەردەخات کە کاتێك ئەم جۆگەیە لە کاردا بووە، ئەم هەڵکۆڵراوە بە تەواوی داپۆشراو بووە.
    • هەڵکۆڵراوی د لە کۆمەڵێك بەردی هەڵکۆڵدراو پێکدێت کە لەوانەیە لە بینای ترەوە بەکارهێنرابێتەوە و دواتر خرابێتە ناو ستراکچەری جۆگەکەوە کاتێك ویستویانە ڕووکاری باشوری جۆگەکە بەهێزتربکەن بە داپۆشینی بە ڕوویەکی تری بیناکاری (کاتی ئەنجامدانی نەزانراوە). ئەم هەڵکۆڵینانە پەیوەندیان بەیەکەوە نیە و وەکو یەك نەماونەتەوە، هەندێکیان زیاتر تێکچوون، بەڵام هەندێک پارچەیان نوسراونەتەوە (وا دیارە بە زمانی ئەم سەدەیە).4

    سەرچاوە گشتیەکانی 'دەقەکان': Jacobsen and Lloyd 1935, 19–30; Grayson and Novotny 2014, 317–326 (nos. 224–228).

    هەر وەك هەڵکۆڵراوەکانی سەنحاریب پشتڕاستی دەکەنەوە، جۆگەکە بەمەبەستی گەیاندنی ئاو بە نەینەوا و دەروبەری دروستکراوە. بەشێك بووە لە سیستەمێك کە بە سیستەمی خنس ناسراوە کە بە دیوارێك بۆ کۆنتڕۆڵی ڕێڕەوی ئاوی ڕووباری گومێل لە باکورەوە دەستیپێکردووە. کاتێك جۆگەکە داڕماوە، گوندێکی بچوك بە ناوی جێروان لەسەر ستراکچەری بەشی باشور، لە بەشی ڕۆژهەڵاتی پایە شێوە تاقیەکان، دروستکرا. پاشماوەکانی ئێستای ئەم شوێنە، وەك بەڵگەی کۆنترین جۆگەی ئاوی جیهان وایە.

    ئۆستن هێنری لەیارد لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا سەردانی جێروانی کردووە و تاریفی جۆگە ئاوەکەی کردووە.1 هەندێك گەشتیاری کۆن و شوێنەوارناسی تریش سەردانی شوێنەکەیان کردووە، وەکو ل. و. کینگ کە لەسەر ڕێگای خۆی بۆ خنس لە ساڵی 1904دا، لە شوێنەکە وەستاوە و وێنەی فۆتۆگرافی شوێنەکەی گرتووە .2 لەیارد و کینگ وایان زانیوە کە پاشماوەکانی ئەم شوێنە پاشماوەی جادەیەك بوون. بەڵام، کینگ بە دروستی پاشماوەکانی گەڕاندۆتەوە بۆ سەردەمی سەنحاریب بەپێی ئەو هەڵکۆڵینانەی کە لە گوندی مەهاد، نزیکەی 3 میل لە باشوری ڕۆژهەڵاتی جێروان، دۆزراونەتەوە. بەهەمان شێوەی کینگ، وەك دەگوترێت، ئۆڵمستێدیش بە جێرواندا تێپەڕیوە و وەسفی کردووە بە 'ڕێگایەکی بەردین کە بەناو جۆگەیەکدا ڕۆشتووە.'3 واڵتەر باخمان لە ساڵی 1914 دا بەشێوەیەکی سیستەماتیکی شوێنەکەی پشکنیوە و بەبێ هەڵکۆڵین تۆماری پاشماوەکانی کردووە.4 لە دەیەکانی پاش جەنگی یەکەمی جیهان، هەندێك گەشتیار و توێژەر سەردانی شوێنەکەیان کرد و لە ساڵانی 1930 کاندا، هێڵکاری گشتی جۆگەکە و ڕێگاکەی کێشرا لە ڕێگەی کنە و هەڵکۆڵینە شوێنەوارناسیەکانی سیتۆن لۆید و سۆرکیڵد جێیکۆبسنەوە.5

    • 1. Layard 1853, 216.
    • 2. هەروەك لە نامەیەکی بڵاونەکراو تێبینیکراوە، سەیری Jacobsen and Lloyd, 1935, 4 بکە.
    • 3. Olmstead 1923, 332.
    • 4. Bachmann 1927, 32–33.
    • 5. Jacobsen and Lloyd, 1935.

    Bachmann, Walter. 1927. Felsreliefs in Assyria, Bawian, Maltai und Gundük. Wissenschaftliche Veröffentlichung der Deutschen Orient-Gesellschaft 52. Leipzig: J. C. Hinrichs.

    Boehmer, R. M. 1997. “Bemerkungen bzw. Ergänzungen zu Gerwan, Khinis, und Faidhi.” Baghdader Mitteilungen 28: 245–249.

    Grayson, A. Kirk, and Jamie Novotny, eds. 2014. The Royal Inscriptions of Sennacherib, King of Assyria (704–681 BC). Vol. 2. Winona Lake, IN: Eisenbrauns.

    Jacobsen, Thorkild, and Seton Lloyd. 1935. Sennacherib’s Aqueduct at Jerwan. Chicago: Oriental Institute Publications.

    Layard, Austen Henry. Discoveries in the Ruins of Nineveh and Babylon. London: J. Murray, 1853.

    Olmstead, A. T. 1923. History of Assyria. New York: C. Scribner's Sons.

    Reade, Julian E. 1978. “Studies in Assyrian Geography I: Sennacherib and the Waters of Nineveh.” Revue d'assyriologie et d'archéologie orientale 73: 47–72.

    Ur, Jason. 2005. “Sennacherib’s Northern Assyrian Canals: New Insights from Imagery and Aerial Photography.” Iraq 67: 317–345.

    ناوەڕۆك
    هێلین مەلکۆ (2016)
    چاککردنی ناوەڕۆك
    ماسیۆ پیبڵز (11/18/19)