پردی مەلا بادی

    پرۆفایلی پێگە

    پردی مەلابادی دەکەوێتە سەر ڕووباری باتمان بە دووری 22 کم لە ڕۆژئاوای شاری سیلڤان و 28 کم لە باکوری شاری باتمانەوە و 50 کم لە باکوری ڕۆژئاوای حەسکیف لەمڕۆی تورکیادا. لە سەردەمی دەسەڵاتی حوسامەدین تیمورتاشی بنەماڵەی ئارتوقیەکانی ماردین لە سەدەی 12 بنیاتنراوە. یەکێکە لە باشترین پارێزراوەکان لە ناو ژمارەیەکی زۆر لە پردە مێژووییەکان کە شێوەیەکی کەوانی هەیە و بە ناو سروشتی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ/باکوری عێراقدا درێژ دەبنەوە.

    Surrounding Area

    پرد: دیمەنەکان لە باشورەوە

    پرد: ڕووکاری سەرەوە

    پرد: بەشی ژێرەوە

    پرد: ژووری ناوەوە

    ناوچەی چواردەور

    پردی مەلا بادی ڕووی کردۆتە ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا بە سەر ڕووباری باتمان کە بەرەو باشور دەڕوات (پانۆراماکە لێرە ببینە). درێژییەکەی 150 مەترەو لە بەردە قسڵی چوارگۆشەی سپی کرێمی دروستکراوە. دیزاینەکەی ناڕێکە و دابەش بووە بۆ سێ بەش لەبەر ناڕێکی سروشتی دەشتەکە لەلای ڕۆخی ڕووبارەکەوە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە. یەکەم بەشی ڕۆژئاوای دەچێتە سەر ڕۆخی ڕووبارەکە لە ڕۆژئاواوە کە ڕوو دەکاتەوە باشوری ڕۆژئاوا. بە پێچێکی گۆشەیی، بەشی ناوەڕاست کە لە کەوانە سەرەکیەکە پێکدێت ڕوو دەکاتە ڕۆژئاوا بەسەر ڕووبارەکەدا. چەند مەترێك لە دوای ڕۆخی ڕووبارەکە لە ڕۆژهەڵاتەوە پردەکە دووبارە پێچ دەکاتەوە بەرەو باشوری ڕۆژئاوا، کە ئەم بەشەی سێهەم لە ڕۆژهەڵاتەوە هاوتەریبە لەگەڵ بەشی یەکەم. فراوانیە ناوازەکەی ئەم پردە کە ۷ مەترە، ڕێڕەوێکی فراوان دابین دەکات بۆ ڕۆشتن لەسەر رووکارەکەی سەرەوە. ڕووپۆشەکە لە بەردی چوارگۆشەی ناڕێک دروستکراوە، لە کاتێکدا دیوارەکانی، کە سەرەتا لە ئاسن دروست کرابوون، لە بلۆکی زبرتر دروستکراوە.

    پردە بەردینە نەریتیە جۆراوجۆرەکانی ئەم ناوچەیە یان کەوانی شێوە گۆیی یان تیژیان تێدایە. کەوانە سەرەکیەکەی مەلا بادی شێوە کەوانی تیژە کە 19 مەتر بەرزە هەتا لوتکەکەی. پانیەکەی  38.6مەترە و بە بەراورد لەگەڵ پردەکانی تر یەکێکە لە فراوانترینەکان. تەنها پانی کەوانی پردەکەی حەسکیف، کە لە ئێستادا نوقم بووە، لەمە فراوانترە. تەواوی پانی ڕووبارەکە دادەپۆشێت. دوو ڕێز کون لە ڕووکاری ناوەوەی کەوانەکەدا دیارن کە بۆ ڕاگرتنی ئەسکەلە بەکار هێنراوە لە کاتی دروستکردنیدا لە هەر لایەکیەوە، لەژێر قاڵبی ئاسۆییەوە. شێوە کەوانیەکە بە قاڵبێکی کەوانی تر جیاکراوەتەوە بە 15 سم لە تەواوی بەردەکان جیاکراوەتەوە. لە سووچەکاندا پەنجەرەی بچووکی تێدایە کە ئەوە نیشان دەدەن دوو ژوور لە ڕووی ناوەوە هەن کە لە ڕێگای دەرگایەکەوە دەچیتە ناوی لای ڕێگاکەی سەرەوە. ئەم ژوورە سادانە کە ڕووبەرەکەیان 4.5 بە 5.3یە لە لایەن گەڕیدە ئەڤلیا چەلەبی (لەسەدەی 17) وەك ژووری میوان باسکراون بۆ گەشتیارەکان (لێرە پانۆراماکە ببینە؛ زیاتر ببینە لە بڵاوکراوە سەرەتاییەکان). بەشی ناوەڕاستی پردەکە لە ڕۆژئاوای کەوانە سەرەکیەکەوە کەوانێکی لافاوی 3 مەتری لە خۆ دەگرێت کە لە لایەکانیەوە پایەی تیژی ئاوبڕ هەن لە بەشی باکوورەوە و هەروەها یەك پایەی خڕ لە لە بەشی باشوریەوە. بەشی ڕۆژئاوای بە سێ کەوان دروست کراوە کە لە قەبارەدا گەورە دەبن هەتا پردەکە درێژبێتەوە بەرەو کەوانە سەرەکیەکە. بەشەکەی سەر ڕووە بەردینەکەی ڕۆژهەڵات تەنها یەك کەوانی شێوە گۆیی لە خۆ دەگرێت.

    دیزاینی پردەکە بە هەڵکۆڵراوی بەرجەستە و تەلارسازی ڕازێندراوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەونە لای بەشی ناوەڕاست لە لای ڕۆژئاوای کەوانە سەرەکیەکەوە. لەو دوو ڕووکارە، ئەوەی دیوی باشوریان لەوەی تر ڕازاوەترە. لێرەدا، کەوانی لافاوی ژێر پردەکە بە ستوون ڕاگیراوە کە بەشی سەرەوەیان شێوە قوچەکیە و نەخشی بەرجەستەی ئەندازەیی پێوەیە. لە لایەکانیەوە کەوانی داخراو هەیە کە لەگەڵ هێڵێك لەسەرەویەوە کە کەوانێکی دیکۆرکراو پێکدەهێنن. لە ڕۆژهەڵاتی ئەم یەکەیەوە پایەیەکی پاڵپشتی گەورە هەیە. لە ئاستی کەوانەکەدا پایە پاڵپشتەکە بەرەو دیوارەکە شۆڕدەبێتەوە، پاشان بەرەو سەرەوە درێژ دەبێتەوە بەشیوەیەکی ستوونی کە تاقێکی لاکێشەیی تێدایە. هەڵکۆڵراوە بەرجەستەکەی ناو تاقەکە تەواو ڕۆشتووە، بەڵام شێوەی خۆرێکی شێوە بازنەیی لەڕووی سەرەوەی تەواو دیارە. بەشی خوارەوەی وێنەی ئاژەڵێکی چوار پەلی تێدایە کە پێدەچێت شێر بێت.Cf. Fügen 1976, 101. لە ڕووی باکوری پردەکەوە ستوونێکی ڕاگری هاوتەریب هەیە کە لە بەشی خوارەوەیدا ئاوبڕێك هەیە. پێکەوە ، هەردوو ستوونە ڕاگرەکە پاڵپشتی ئەو بەشەی چوونەژوورەوە دەکەن بۆ ناو ژوورەکە کە لە سەروویەوە کەوانێکی سەربەخۆ ڕاوەستاوە کە وەك دەروازەیەك بەکاردێت بۆ چوونە سەر پردەکە. ئاوبڕێکی کەمێك بچووکتر دەکەوێتە بەرامبەری لە ڕووی باکوری و کۆمەڵێك هەڵکۆڵراوی بەرجەستەی لەسەرە. پارچە بەردەکانی سەرو لوتکەکەی لە شێوەی مرۆڤێکی پتەودا هەڵکۆڵراون. پانێڵە لاکێشەییەکە لە بەشی سەرەویدا هەڵکۆڵراوێکی بەرجەستەی لەسەرە کە وێنەی دوو فیگەر دەنوێنن کە کڵاوی نوك تیژیان لەسەردایە و یەکێکیان بە پێوە وەستاوە و ئەوی تریان لەوە دەچێت دانیشتبێت. دەستیان بەرەو ڕووی یەکتر درێژ دەکەن وەك هێمایەك کە گرنگیەکی ناڕوونی هەیە.

    سەرچاوە گشتیەکانی 'تاریف و سیمبول و دیمەنە هونەریەکان':Gabriel 1940, 232–236; Fügen 1976; Sinclair 1989, 293; Çulpan 2002, 40–44; Doğangün and Ural 2007.

    دەقە هەڵکۆڵراوێکی عەرەبی بە نووسینی نەخش لەسەرو کەوانەکەوە لە دیووی باشووریەوە هەیە، لە ژێر قاڵبە ئاسۆییەکەوە لە ناو هێڵێکدا کە 90 سم پانە. بەش بەشە، بەڵام ژین سەوڤاگێت ئەم خوێندنەوەیە دەنوسێت:

    'بە ناوی ... -ئەمە ئەوەیە کە تیموتاش کوڕی ئەل غازی فەرمانی بە درووستکردنی کردووە لەسەر سامانی خۆی لە ساڵی 542 (1147-1148)...'1

     ئەمە هاوکاتە لەگەڵ قۆناغێکی بنیاتنانی پردەکەدا لەژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەرتویەکانی ماردیندا (زیاتر لە 'مێژوو' ببینە). 

    لەگەڵ ئەمەشدا، دەقێك بە تورکی مۆدێرن لەسەر پانێڵێکی بچوکی دیوی باکوری پردەکە هەیە، لەسەروو ئەو پانێڵەی کە فیگەرەکانی لەسەرە و لێی نوسراوە:

    T.C. (کۆماری تورکیا)

    K.Y. 9. Bölge Tarafından (لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی 9ی هەرێمیی ڕێگاکانی دەرەوە)

    Tamiratı Yapılmıştır (چاککردنەوەی ئەنجام دراوە)

    15-V-955 [15 May 1955]2

    • 1. Sauvaget 1940, no. 128 (p. 345) . وەرگێرانە ئینگلیزیەکە لە فرەنسیەکەی Sauvaget کردووە: “Au nom… —Voici ce qu’a ordonné de fonder et de bâtir, en supportant des frais sur sa fortune personnelle, en l’année 542 (1147–8) … [Timur]tash fils d’Il-Ghâzi [fils d’Ortok] …”
    • 2. لەلایەن ئێرهان تامورەوە وەرگیراوە.

    پردی لەبەرد دروستکراو وێنەی بەشێکی گرنگ لە نەریتی تەلارسازی ئیسلامی نیشان دەدەن کە بە تایبەتی لە سەردەمی عەباسیەکانەوە دەستی پێکردووە (پردە بەردینەکەی زاخۆش، ئەوەی ئێستا دەکەوێتە باکوری عێراق مێژووەکەی هەر هی ئەو سەردەمەیە، لایەنی کەم بەو شێوەیەی ئێستای). بۆ زۆرێك لە بنەماڵە فەرمانڕەواکان، دروستکردنی پرد بە ئەرکێکی شاهانە تەماشە دەکرا. ئەرتوقیەکانیش کە دەسەڵاتیان لە بەشێکی زۆری باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ هەبوو لە ساڵانی 1109-1409 زاینیی جیاواز نەبوون. فەرمانڕەواکانیان بەرپرس بوون لە دروستکردنی ژمارەیەك لە پردەکانی سەدەکانی ناوەڕاست.  

    پردی مەلابادی وەك ئەوەی لە هەڵکۆڵراوەکەی سەریدا هاتووە خاوەنداریەتیەکەی دەگەڕێنرێتەوە بۆ حوسامەدین تیمورتاش (1122-1154 زاینیی) کە فەرمانڕەوای لقێکی بنەماڵەی ئەرتوقیەکان بوو کە ناوەندەکەیان لە ماردین بوو. لەوانەیە لەبەر ئەوە دروستکرابێت تا خزمەتی ئەو شارە نزیکە بکات کە میاهـ فارقین بوو (سیلڤانی ئەمڕۆ). زۆرێك لە ناوی ئەو تەلارسازانەی کە کاریان لەسەر پردێك کردووە و لە لایەن گەڕیدە ئیبن ئەل ئەزرەق (سەدەی 15ی زاینیی) ناوبراون ئەگەری زۆرە پردی مەلا بادیشیان دروستکردبێت.   

    'تۆمار کراوە کە لە ساڵی 541 (1147/1148 زاینیی) ئەل سەعید حوسان ئەل دین (تیمورتاش) دەستی بە بنیاتنانی قارەمان (مەلابادی) کردووە لەژێر سەرپەرشتی ئەل زاهید ئەل تەویل. لە دوای ئەوەی کە پایەکانی بە باشی لە لای ڕۆژهەڵاتیەوە جێگیرکران، بە هۆی لافاوەوە بە تەواوی لەناوچوون ئەویش بە هۆکاری کەمو کورتی لە کارەکەدا. ئەل زاهید سزای ماددی درا بۆ کارەکەی و هەروەها لابرا لەسەر ئەو کارە. ئەمیر سەیفەدین شیرباریك جێگای گرتەوە و لە ژێر سەرپەرشتی ئەبولخەیر ئەل فەسول دەستیکرد بە دروستکردنی کە پارچە داری گەورەی هێنا و دەستی بە کارکردن کرد. یەکێکە لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ئەم سەردەمە و کار لەسەری بەردەوام بوو.'1

    بە پێی هەمان نووسەر، لە کاتی مردنی تیمورتاشدا پردەکە تەواونەبووبوو. بە تایبەتی کەوانەکەی مابوو تا لێك ببەسترێت.2 ئەم کارە و هەروەها هەندێك کاری چاککردن لە لایەن جێگرەوەکەی تیمورتاشەوە دەستپێکرا کە ناوی نەجمەدین ئەلپی بوو (1154-1176). ئەل ئەزرەق زیاتر دەنوسێت و دەڵێت کە ئەم پردە بوو بە مۆدێلێك لە ناوچەکەدا، بە تایبەتی ئەو دانەیەی کە لە لایەن فەخرەدین کارە ئەرسلان دروستکرا لە حەسکیف. تایبەتمەندیە تەلارسازیەکانی ئەم دوو پردە لە ڕاستیدا پەیوەندیەکی نزیك نیشان دەدەن.3  

    پردی مەلا بادی لە نێوان ساڵانی 1918 و 1932 نیمچە نۆژەنکرایەوە؛ ڕووکارێکی نوێی وەرگرت (جگە لە بەشێکی کورت لەسەرو کەوانە سەرەکیەکەیەوە) لە ساڵانی 1930کاندا. ماوەیەکی زۆر خزمەتی کرد وەك تەنها پردی پەڕینەوەی باتمان لەم ناوچەیەدا. هەتا ساڵی 1955 بەکار دەهات کاتێك پردێکی مۆدێرن بە چەند مەترێك لە باکوریەوە دروستکرا (لێرە پانۆراماکە ببینە)

    • 1. Trans. Hillenbrand 1979, 317. ناساندنەوەی ئەل ئەزرەق بۆ پردی قارەمان و مەلا بادی یەکەم جار لە لای Gabriel (1940, 236) کراوە. ئەمەش بە گشتی قبوڵکراوە.
    • 2. Al-Azraq, ms. A., f. 179b (Hillenbrand 1979, 446–447)
    • 3. Cf. Meinecke 1996, 59–60.

    سەرچاوە گشتیەکانی 'مێژوو': Gabriel 1940, 232–236; Sinclair 1989, 293; Hillenbrand 1979, 444–447; Çulpan 2002.

    گرنگترین تاریفی مێژوویی پردی مەلابادی لە لایەن ئەڤلیا چەلەبیەوە کراوە کە لە ساڵانی 1640کاندا سەردانی ناوچەکەی کردووە.1 وا دەردەکەوێت کە چەلەبی ئارەزوویەکی تایبەتی بۆ کاری پرد درووستکردن هەبووبێت. سەرسامی خۆی دەربڕیوە بۆ هەردوو ستراکچەرەکەی حەسکیف و مەلابادی. لە بارەی پردەکەی مەلابادیەوە دەڵێت '... جۆری بنیاتنانەکەی، بەشی بنەوەی بناغەکەی، دووریەکانی و پتەویەکەی پێشەنگی هەموو پردەکانی ئەنادۆڵە' هەروەها کە 'جوانی و ڕێكوپێکی کەوانەکانی لە هیچ پردێکی تردا نابینرێت' لە تاریفەکەیدا، ژمارەیەك تایبەتمەندی تەلارسازی باس دەکات کە ئێستا چیتر نەماون. ئەوانەش بریتین لە هێڵی ستوونی ئاسنین کە ڕاگرەکانی پێکدەهێنن و دەرگای ئاسن کە دەچنە ناو ژوورەکانەوە لە ژێر کەوانەکەوە. ئەوە چەلەبیە کە دەڵێت ئەو ژوورانە وەك خان بەکارهاتوون و هەروەها باسی ئەوەش دەکات کە لە کاتی ئەودا چۆن پارە وەرگیراوە بۆ بەکارهێنانی. جۆن جی تەیلەر، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە کوردستان بە ڕووباری باتماندا پەڕیوەتەوە لە کاتی گەشتەکانیدا لە سەرەتای 1860کان و تێبینی ئەو پردە ناوازەیە دەکات هەوڵدەدات کە مێژووی دروستکردنەکەی بنوسێت بە پێی هەڵکۆڵراوەکەی سەری.2 لە ساڵی 1940، ئەلبێرت گابریێل شیکاری چڕ و وێنەی تەلارسازی و فۆتۆی مۆنۆمێنتەکەی بڵاو کردەوە.3

    • 1.  Seyahâtnâme, Book 4. وەرگێرانی فرەنسی لە Gabriel 1940, 233–234 وەرگیراوە؛ و لەم فرەنسیەوە بۆ ئینگلیزی وەرگیراوە.
    • 2. Taylor 1865, 25.
    • 3. Gabriel 1940.

    Çulpan, Cevdet. 1975. Türk taş köprüleri: Ortaçağdan Osmanlı devri sonuna kadar [Turkish Stone Bridges: From the Medieval to the End of the Ottoman Period]. Ankara: Türk Tarih Kurumu (in Turkish).

    Doğangün, A., and A. Ural. 2007. “Characteristics of Anatolian Stone Arch Bridges and a Case Study for Malabadi Bridge.” In ARCH’07: 5th International Conference on Arch Bridges, edited by Paulo B. Lorenço, Daniel V. Oliveira, and A. Portela, 179–186. Guimaraes: University of Minho.

    Fügen, Ilter. 1976. “Eine Gruppe der frühtürkischen Brücken in Sudöstanatolien.” In IVème congrès international d'art turc, 97–103. Aix-en-Provence: Université de Provence.  

    Gabriel, Albert. 1940. Voyages archéologiques dans la Turquie orientale. Paris: E. de Boccard.

    Hillenbrand, Carole. 1979. “The History of the Jazīra 1100–1150: The Contribution of Ibn al-Azraq al-Fāriqī.” Ph.D. diss., University of Edinburgh.

    Meinecke, Michael. 1996. Patterns of Stylistic Changes in Islamic Traditions: Local Traditions versus Migrating Artists. New York: New York University Press.

    Sauvaget, Jean. 1940. “Inscriptions Arabes.” In Voyages archéologiques dans la Turquie orientale, by Albert Gabriel, 287–356. Paris: E. de Boccard.

    Sinclair, Thomas A. 1989. Eastern Turkey: An Architectural and Archaeological Survey. Vol 3. London: Pindar.

    Taylor, John G. 1865. “Travels in Kurdistan, with Notices of the Sources of the Eastern and Western Tigris, and Ancient Ruins in Their Neighbourhood.” Journal of the Royal Geographical Society of London 35: 21–58.

    Tunç, Gülgûn. 1978. Taş köprülerimiz [Our Stone Bridges]. Ankara: Karayolları Genel Müdürlüğü Matbaası (in Turkish).

    ناوەڕۆك
    ماسیۆ پیبڵز (2020)