میرقوڵی

ناوی تر (جێگرەوە)

شوێنەواری میرقوڵی و قەڵاکە؛ میرقولی؛ میرکولی؛ میر قولی؛ میرقوری؛ میر قوری؛ لوتکەی میرقوری

بەروار

سەدەی یەکەم-سێیەمی زایینی

بەرواری دۆكیومێنتكردنی پێگەی MMM
بەهاری ساڵی 2017
جۆری پێگە
قەڵاو شار
پارێزگا/هەرێم
پارێزگای سلێمانی
    ميديا

    Landscape and Ridge of Mt. Piramagrun South of Merquli; Zewe Gorge

    Zewe Village/Valley and Ridge of Mt. Piramagrun East of the Valley

    نەخشی هەڵکۆڵراوی میرقوڵی و ژینگەی دەوروبەری

    ناوچەی قەڵای میرقوڵی

    لوتکەی چیای پیرەمەگرون لە باکوری میرقوڵی

    دیمەنی سروشتی ڕۆژئاوای میرقوڵی کە لە لێژایی ڕۆژئاوای چیای پیرەمەگرون دەبینرێرت

    پێگە شوێنەوارییەکەی میرقوڵی ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ڕۆژئاوای گوندە نوێیەکەی زێوێ، بە دووری 40 کم لە باکوری ڕۆژائاوای سلێمانی. تایبەتمەندییە دیارەکانی بریتین لە نەخشی هەڵکۆڵراوی سەر بەرد و بناغەی باڵەخانەیەکی گەورە، وەکو قەڵایەك لە سەر لوتکەیەکی بەرزی چیای پیرەمەگرون. میرقوڵی کەمتر لە 2کم لە باشوری ڕۆژهەڵاتی پێگەی رەبانەوە دوورە، کە نەخشی هەڵکۆڵراوی هاوشێوەی هەیە، لە نزیک لێژایی هەمان چیا (نەخشی هەڵکۆڵراوی میرقوڵی لە شوێنێکی زۆر بەرزترە لە سەر لوتکەی چیاکە، بەڵام نەخشی هەڵکۆڵراوی رەبانە لە بەرزاییەکی زۆر نزمترە لەناو دۆڵێك). کۆمەڵە خانووی میرقوڵی پێدەچێت بۆ دوای سەردەمی ئەشکانییەکان بگەڕێتەوە؛ لەو کاتەدا، دەکەوتە نزیك سنوری نێوان دەسەڵاتی خۆجێی میدیەکان و شانشینی ئەدیابینی ژێردەست.

    سەرەڕای هەبوونی نەخشی هەڵکۆڵراوی سەر بەرد، پێگەی شوێنەواری میرقوڵی چەند شورایەکی پارێزەر، زەوی پلەپلەکراو، و بناغەی باڵەخانە لەخۆدەگرێت لەسەر ڕووبەری نزیکەی 20 هێکتار لەسەر یەکێك لە دیارترین لوتکەکانی چیای پیرەمەگرون.1  لوتکەکە بە بەردی دەرکەوتە داپۆشراوە کە بناغەی پێکهاتە شوێنەوارییە گەورەکەی لەسەر بنیادنراوە—کە تاکە شوێنە لە ڕووی شوێنەوارییەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە لەساڵی 2020—لەلایەن تیمی کنەپشکنینەوە نازناوی "قەڵا"ی پێدراوە (هەروەها لە لایەن بەڕێوەبرایەتی شوێنەواری سلێمانییەوە سەرپەرشتی کراوە).2

    ڕێگا نوێیەکەی قەڵاکە بە هەورازی لای باشوری لوتکەکە سەردەکەوێت بە سەرووی گوندی زێوێ؛ سەرکەوتنەکە دوو کاتژمێر دەخایەنێت بۆ گەیشتن بە سەرەتای ناوچە شوێنەوارییەکە لە نزیك لوتکەکەدا. هەندێک دروسکراوی بەردین بە درێژایی ئەم ڕیگایە بوونیان هەیە، کە بریتین لە چەندین ئاستێکی زەمینی و دیواری نزمی پێچاو پێچ، هاوتەریب لەگەڵ بەرزاییەکی دەرپۆقیو لەسەر کەندەڵانەکە، کە ڕەنگە بە پێی ڕێکەوتەکەی هی دوای سەردەمی کۆن بێت. بۆ مەبەستێكی تایبەتی کۆمەڵێك کۆل لەسەر شوێنێکی تەختایی بچووك دروستکراون ( چیمەنتۆ بەسەر کۆلەکاندا کراوە بەمەبەستی پاراستنیان). لە نزیك ئەو شوێنە ئەشکەوتێکی بچوکی لێیە کە بەشێکی بە دیواری بەردین سنوردارکراوە، لەوانەیە لەلایەن شوانەکانی ئەو ناوچەیە بەکارهێندرابێت.

    نەخشە هەڵکۆڵراوە بەردینەکە دەکەوێتە سەر شورای قەدپاڵەکە، ڕاستەوخۆ لە پشتی ئەو زەویە تەختاییەی کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوا (سەیری پانۆراماکە بکە). نەخشەکە لەسەر تاقێکی تەنکی لاکێشەیی هەڵکۆڵکراوە کە نزیکەی 97سم پانە و 2.3 م بەرزە، کەمێك گەورەترە لە نەخشە هەڵکۆڵراوە هاوشێوەکەی لە ڕەبانە. هەرچەندە هێڵکارییەکان لە هەندێك شوێن کاڵبوونەتەوە، هەروەها هەندیك درز و شکاوی بچوك لەسەر پێکهاتە هەڵکۆڵراوەکە بەدیدەکرێت، بەڵام هەڵکۆڵراوەکە لە دۆخێکی تا ڕاددەیەك باش دایە. شایەنی باسە کە لەکاتی بە بەڵگەنامەکردنی تیمی MMM، هەڵکۆڵراوەکە لایەکی تەڕ بوو، ئەمەش جیاوازی و هەمەچەشنی لە ڕەنگی بەردەکە ڕووندەکاتەوە. سەبارەت بەوەی ئاخۆ ڕووکاری بەردەکە لە بنەڕەتدا ڕەنگکراوە یاخود نا، دەبێت ئەم پرسیارە بە کراوەیی بهێڵدرێتەوە. چەند بەڵگەیەك هەیە لەسەر ڕەنگکردنی هەندێك مۆنۆمێنتی یادگاری مۆنۆمێنتی هەڵکۆڵراوی سەر بەردی دەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دێرین، بەڵام ئەنجامدانی ئەم کارە بەتەواوی پشتڕاست نەکراوەتەوە؛3  لێرە لە میرقوڵی، هیچ نیشانە و ماکی ڕەنگی لەسەر هەڵکۆڵراوەکە دیار نییە.

    شێواز و لیكۆڵینەوە لە وێنە و هێما و نیشانەکانی نەخشە هەڵکۆڵراوەکە بە ڕوونی دەریدەخات کە هەڵکۆڵراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەشکانییەکان. پەیکەرەکە، پیاوێکی ڕیشداری وەستاوە و ڕووی لەلای ڕاستە، بە ئەگەڕیکی زۆرەوە فەرمانڕەوا بووە. ئەو لە ڕوانگەی چەند وێنەیەکی ئاوێتەوە  پیشاندراوە، ڕوخساری بە گۆشەیەکی کەمێك لار خراوەتەڕوو، قەدی مرۆڤەکە لە دیمەنی سێ چاڕێکییەوە نزیکە، قاچەکانی لە تەنیشەوە نیشاندراون. قۆڵی ڕاستی لە ئانیشکییەوە بەرزکراوەتەوە، پێدەچێت بە دەستە کراوەکەی ئاماژە بە شتێك بدات.4  جلوبەرگی کەسایەتییەکە نمونەی فەرمانڕەوایەکی ئەشکانییە لە سەدەی یەکەمی زایینی.5  ئەو عەبا و جبەیەکی پۆشیوە کە دەگاتە خوار ئەژنۆکانی. عەباکە لەسەر کۆڵەکەی سینگی بە قولاپێکی ئاڵۆز توندکراوە. پشتێنی جبەکەش گرێدراوە، کۆتاییە کراوەکانی پشتێنەکە لە خوارەوە بە کراوەیی شۆڕبوونەتەوە. پێدەچێت پانتۆڵی لەژێر جبەکە لەبەرکردبێت، لەکاتێکدا هێڵە کاڵبووەکانی لای قولەپێی دەشێت سنوری پێڵاوەکانی دیاری بکات. لەسەرەوە، کەسەکە بە خشڵێکی مل و تاجێکی پاشایانەی نوکدار ڕازێندراوتەوە کە داپۆشەری گوێیەکانی سەرەوژێرکراون؛ سەری کڵاوەکە بە تاجەگوڵینەیەکی گرێدراوەوە پێچراوە، کە کۆتاییە دیارەکانی لە پشت شانەکانی شۆربوونەتەوە. دوو خەتی باریکی ئاسۆیی لە پشتی گوێیەکەی شتێکی نائاساییە، بەڵام دەبێت بەشێك بێت لە درێژکراوەی سەرپۆش و کڵاوکەی. لەسەر بنەمای لێکچوون لە لێکۆڵینەوە لە دراوی کانزایی و مەدالییەکان، زمانەی پشتەوە یان کۆمەڵێك هێڵکاری و کەزی لولکراو لە بۆشاییە کراوەکەی پشتی مل شتێکی چاوەڕوانکراوە؛ ئەگەر نەخشە هەڵکۆڵراوەکە جارێك ڕەنگ کرابێت، ڕەنگە تایبەتمەندییەکی لەم جۆرە بەم شێوەیە خرابێتەڕوو. لێکداەوەی تێکڕای کەسە هەڵکۆلڕاوەکە زیاتر زنجیرەیی و هێڵەکییە، کە بەڕوونی هێڵکارییەکانی پیشاندراون و بە شێوەیەکی سەرەکی تەختایی لوس و فراوان و نەپچڕاون. لەگەڵ ئەوەشدا، چەند ناوچەیەکی دیاریکراو هەیە کە وردەکاری زیاتر و وێنەکردنەوەیەکی تەواوی پێویستە، لەوانەش مەودای گوێیەکە و بۆشایی چاو، هەروەها تۆپەڵە خەت خەتەکانی ڕیشی (لە نزیکەوە ڕوخساری کەسەکە ببینە).

    نەخشە هەڵکۆڵراوەکە بەڕوونی هاوتەریبە لەگەڵ نەخش و نیگاری پاشایەتی ئەشکانی؛ بە تایبەتیتر، گفتوگۆی ئەوە کراوە کە کۆکردنەوە تایبەتییەکەی تاجی شاهانە و تاجی خشڵی ژنانە پێکەوە کەسایەتییە هەڵکۆڵراوەکەی وەك پاشای ئارسایدیا جیاکردۆتەوە (نەك وەك فەرمانڕەوایەکی سەپان)، هەرچەندە دڵنیایی نییە کە کامەیان بووە (زانیاری زیاتر ببینە لە "مێژوو").6

    بە گشتی نەخشی هەڵکۆڵراوی میرقوڵی زۆر لە هەڵکۆڵراوی رەبانە دەچێت، هەرچەندە دەبێت تێبینی ئەوە بکرێت کە هەندێك جیاوازی لەنێوانیاندا هەیە لە ڕووی وێنە و هێما و شێوازەوە (زانیاری زیاتر ببینە لە بەشی رەبانە). بە لەبەرچاوگرتنی لێکچوونە گشتییەکانیان، پێدەچێت وێنەی هەمان فەرمانڕەوا بنوێنن.7  هەرچەندە ڕوونکردنەوەی گونجاو هەیە سەبارەت بەوەی کە بۆچی پارێزەری جیاواز دەکرێت بەرپرسیاربووبن بەرامبەر بە دوو وێنە هەڵكۆڵراوەکە– بۆ نمونە، ڕەنگە ئەندامێکی شوێنگرەوەی بنەماڵەی شاهانە پەنای بردبێتە بەر جەختکردنەوە لەسەر پەیوەندی نێوان خۆی لەگەڵ پێشینانی.

    قەڵای میرقوڵی دەکەوێتە سەر چیایەکە کە نزیکەی 200م لە باکوری ڕۆژهەڵاتی نەخشە هەڵکۆڵراوەکە دوورە؛ سەرکەوتن لەو شوێنەی کە نەخشە هەڵکۆڵراوەکەی لێیە بۆ سەر ئەو لوتکەیەی کە قەڵاکەی لەسەرە 20 خولەکی دیکەی پێدەچێت. پاشماوەکانی دیوارە بەهێزەکان لە چواردەوری ئەم ناوچەیە  بوونیان هەیە؛ پێکەوە هاتنی ڕێژەیی ئەم تایبەتمەندییانە لەوانەیە نەخشە هەڵکۆڵراوەکە شوێنی هاتنەژوورەوە بێت بۆ ناو ناوچە شوێنەوارییەکە.8  قەڵاکە هەم بەسەر دۆڵە فراوانەکەی لای ڕۆژئاوای چیای پیرەمەگروون دەڕوانێت، هەمیش بەسەر دۆڵە بچوکەکەی ناوەوە بە لای ڕۆژهەڵاتدا (سەیری پانۆراما بکە). پێکهاتەکە حەوشەیەك و چەند ژوورێك لەخۆ دەگرێت کە بەسەر چەند ئاستێکی جیاواز دابەشبوون و بە درێژایی ناوچە لێژاییەکە؛9  چیمەنتۆکراوە بەسەر بناغەکانی بیناکەدا لەلایەن کنەکار و هەڵکۆڵەرەکانەوە. بناغەی کۆمەڵگەیەکی تری تەلارسازی بەدیدەکرێن لە قەدپاڵی باکوری قەڵاکە.

    • 1چەند پلانێکی تۆپۆگرافی بە سودی پێگەکە بەرچاو دەکەون لە Brown et al.2018، وێنەی 2 و 8.
    • 2Saber et al. 2014.
    • 3بە شێوەیەکی گشتی بۆچوونەکان وان کە نەخشە هەڵکۆڵراوەکانی بەردی ئاشوری نوێ، وەکو ئەوانەی کە لە خنس هەن لە بنەڕەتدا بۆیە کراون (هەرچەندە بە شێوەیەکی زانستی ئەوە پشتڕاستنەکراوەتەوە وەك ئەوەی کە لە نەخشە هەڵکۆڵراوەکانی ناوەوەی کۆشکدا کراوە). پاشماوەی ڕەنگەکان هێشتا دەبیندرێن لەسەر گۆڕی سەردەمی ئەخمینییەکان لە ناوچەکانی قزقەپان و نەقشی ڕۆستەم. هەرچەندە هیچ ڕەنگێك لەسەر نەخشی هەڵکۆڵراوی سەردەمی ساسانی دا نییە لە پێگەی نەقشی ڕۆستەم، بەڵام چەند پانێڵ و تەختە بەردێك لە بیشاپور چینێك گەچیان لەسەر دراوە، کە لەوانەیە ڕەنگکرابێت.
    • 4ئاماژەیەکی هاوشێوە کراوە لە نەخشی هەڵکۆڵراوی باتاس و هەریر، هەرچەندە لێرە ناولەپی دەستی کەمێک داخراوە.
    • 5سەبارەت بە جلوبەرگی پاشاکانی ئەشکانییەکان بە گشتی، سەیری Vesta S. Curtis بکە، " جلوبەرگ و کڵاوی ئەشکانییەکان،" لە Das Partherreich und seine Zeugnisse, ed. J. Wiesehöfer (Stuttgart: Steiner, 1998)، 61-73.
    • 6Brown et al. 2018, 69.
    • 7بەراوردکردن لەگەڵ  ; Brown et al. 2018, 68زاموا و ئاميدي2011،236.
    • 8سەیری Brown et al. 2018, 66 and fig. 8 بکە.
    • 9سەیری پلانەکە بکە لە Saber et al., fig. 3.

    بە بەراورد لەگەڵ رەبانە، بەڵگەی زۆر کەم هەیە سەبارەت بە مێژووی میرقوڵی، کە دەکەوێتە بەشی هەرە خوارووی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس کە ناوچەیەکی دڵڕفێنە، ئەمەش بە دڵنیاییەوە پەیوەندی هەبووە بە پارێزگاریکردن لە سنوور- بەوەی کە بەسەر ناوچەیەکی بەرفراواندا دەیڕوانی. لە ماوەی سەردەمی ئەشکانییەکاندا ئەم ناوچەیە سنوری نێوان ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئیمپراتۆڕیەتەکە و شانشینی ئەدیابینی ژێردەست بووە. بەم شێوەیە توێژەران ئەو وێنەیەی لەسەر بەردەکە هەلکۆڵراوە بە یەکێك لە فەرمانڕەواکانی ئەم شانشینە یا شانشینەکانی دیکە ناساندووە: هەندێك پێیانوابووە کە وێنەکە هی پادشای ئەدیابینی بووە لە کاتیکدا ئەوانی تر دەڵێن کە سەر بە بنەماڵەی شانشینی ئەرسایدیا بووە، کە پێدەچێ پادشا ڤۆنۆنس یان ڤۆلۆگاسیسی سێیەم بوبێت لەسەر بنەمای لێكچونی وێنەی دراوی بە سەرپۆش و کڵاوی (headgear) وێنە هەڵکۆڵراوەکە.1

    ئەو فەرمانڕەوایە هەر کەسێك بوبێت، دانانی ئەم وێنەیە لەسەر ڕێگای قەڵاکە بە دڵنیاییەوە زۆر گرنگ بووە بە نیشانەکردنی هەموو ناوچەکە بە ئاماژەی خۆڕاگری هێز و دەسەڵاتی فەرمانڕەواکە. ئەمە لەبەر ئەوەیە هەر کەسێك بەو ناوچەیەدا بڕوات چاوی دەکەوێت بە وێنەی هەڵکۆڵراوی پادشا لەو ڕێگایەی کە بۆ قەڵاکە  بەرزدەبێتەوە، پێدەچێت نەقشە بەردینەکە پەیوەندی بە دەروازەی چونە ژوورەوە بۆ قەڵاکە هەبێت. بەو لێکچونەی لە نێوان وێنە هەڵکۆڵراوەکانی مێرقوڵی و رەبانە هەیە پێدەچێت هەمان فەرمانڕەوا (یان فەرمانڕەوا جێگرەوەکانی بنەماڵەی فەرمانڕەوا) هەوڵیاندابێ دەست بگرن بەسەر کۆمەڵێك لە قەڵا سەربازیاکاندا و جەخت بەکەنەوە لەسەر پەیوەندیان لە ڕێگای هەردوو نەخشە هەڵکۆڵراوەکە. هەرچۆنێك بێت، وێنەی هاوشێوەی هەردوو نەخشە هەڵکۆڵراوەکە بە جۆرێك و تا ڕادەیەك بە دڵنیاییەوە مانایەکی هەبووە کە پەیوەندی هەبووە بە  چوارچێوە و ناوەڕۆکی ڕۆژهەڵاتی ئەدەنەی کۆن؛ بە جۆرێك تێگەیشتن هەیە بۆی کە جێگای سەرسوڕامانە و کاریگەرە کە ئاماژەیە بە دووبارەبوونەوە و فراوانبوونی دەسەڵات و ئامادەیی فەرمانڕەواکە لە چەندین جێگاو ناوچەی جیاجیادا.2

    ئەو کنەوپشکنینانە کە لە دەوروبەری پیکهاتەی قەڵای مێرقوڵی ئەنجامدراون تەنها ماوەیەکی کەمی داگیرکاریان دەرخستووە لەو ناوچەیە لەگەڵ تەنها یەك قۆناغی بنیادنانی سەرەکی و گۆڕانکاریەکی کەم کە دواتر ئەنجامدراوە. دەستنیشانکردنی بەرواری بنیادنانی قەڵاکە لەسەر بنەمای دۆزینەوەی کەلوپەلە گلکاریەکان ئاسان نەبووە. یەکێك لە لێکدانەوەکان قۆناغی سەرەتایی بنیادنانی قەڵاکە دەگێڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانیەکان، بە پێچەوانەی مێژووی ئەشکانییەکان سەبارەت بە نەخشە هەڵکۆڵراوەکەی سەر بەردەکە؛ ئەوانی تر مێژووی گڵکاریەکان دەگێڕننەوە بۆ سەدەکانی یەکەم و سێیەمی زایینی کە ئەمەش ئاماژەیە بە بنیادنانی سەردەمی  ئەشکانییەکان کە پەیوەندی هەیە بە نەخشە هەڵکۆڵراوەکەی سەر بەردەکەوە.3 پێدەچێت کنەوپشکنینەکانی داهاتوو زنجیرە و تۆماری مێژوویی نوێ دەربخەن سەبارەت بە پێگەکە. پێدەچێت میرقوڵی چۆڵ کرابێت لە کۆتاییەکانی سەردەمی کۆندا. دوبارە ئاوەدان نەکراوەتەوە، هەرچەندە ناوچەکە لە سەردەمێکدا بەجۆرێك وەکو خێوەتگا لە لایەن سوپای نوێی عێڕاقەوە بەکارهاتووە کە بۆتە هۆی لە ناوچوونی بەشێك لە  پاشماوە شوێنەوارییەکان. لە دەرەوەی قەڵاکەوە ناوچەکە هەرگیز کنەوپشکنینی لەسەر نەکراوە.

    • 1. زاموا و ئاميدي2011، 236 (پاشای ئەدیابین)؛ Brown et al. 2018, 68–69, 71–74 (بنەماڵەی شاهانەی ئەرسایدیا).
    • 2. بۆ کاریگەری و گرینگی دووبارەکردنەوەی پەیکەرتاشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دێرین، سەیری Zaina Bahrani بکە، The Infinite Image (London: Reaktion Books، 2014)، 115-144.
    • 3. Saber et al. (2014, 236–241) ڕێکەوتی هەموو کەلوپەلە گڵکارییە کنەکراوەکان دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان و دەڵێن کە 'دەکرێت ئەوە بگەیەنێت کە پێگەکە لەدوای دروستکردنی نەخشە هەڵکۆلڕاوەکە بنیادنرابێت' (بەڵام، دانەرەکان تێبینی ئەوەیان کردووە کە کنەوپشکنینەکانی داهاتوو دەکرێت قۆناغی ئەشکانییەکان بەسەر هەڵکۆڵراوەکە دەربخات). Brown et al. (2018, 71)، دانانی ڕێکەوتێکی ئەشکانی، جەخت لەسەر سیرامیکی ڕووپۆش سەوزی پێگەکە دەکاتەوە، ' نمونە دەستنیشانکراوەکان دەکرێت بگەڕێنەوە بۆ نێوان سەدەکانی یەکەم و سێیەمی زایینی. لەسەر بنەمای لێکچوونی مێزۆپۆتامیایی و ئێرانی.'

    زاموا، دلشاد عزيز، و ئاميدي، ايهان محمد. 2011. "مَنحوتَتَي ميرقولي وربەنە في جبل پیرەمەگرون: دراسة تحليلية- مقارنة." سوبارتو 4-5: 230-239

    Brown, Michael, Peter Miglus, Kamal Rasheed, and Mustafa Ahmad. 2018. “Portraits of a Parthian King: Rock Reliefs and the Mountain Fortresses of Rabana-Merquly in Iraqi Kurdistan.” Iraq 80: 63–77. 

    رحيم، كمال رشيد. 2001. "مشروع استنساخ منحوتَتَي جبل بيرمكرون المقدس في موقعي (ميرقولي) و(ربنه)." هەزار مێرد، ژمارە 18: 153-163.

    Saber, Ahmed S., Zuhair Rejeb, and Mark Altaweel. 2014. “Report on the Excavations at Merquly: The 2009 Season.” Iraq 76: 231–244.

    ناوەڕۆك
    ماسیۆ پیبڵز (2019)