میدیات

    پرۆفایلی پێگە

    شاری میدیات بە دووری 100 کیلۆمەتر دەکەویتە باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری ماردین، لە پارێزگای ماردینی تورکیا. ئەم شارە لەسەر دەشتی تورابدین و لەناو سروشتێکدا بنیاتنراوە کە پڕە لە گردی بچوك و دەکەوێتە چوارڕیانێکەوە کە ڕێگای باکور-باشوری نێوان نیسیبی (نوسەیبین) و حەسکێف دەگەیەنێت بە ڕێگای ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوای نێوان ماردین و جەزیرە. لە ئێستادا وەکو ناوەندی ناوچەی قەزای تورابدین بەکاردەهێنرێت و شوێنێکە کۆمەڵێك خەڵوەتگای لێیە (وەك مۆر ئۆگین و مۆر گابریێل). بەڵام شارەکە بۆخۆی بایەخێکی گرنگی مێژووی و تەلارسازی هەیە. ئەم شارە لەوانەیە لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ئاشوریە نوێیەکاندا خەڵکی تێدا نیشتەجێ بووبێت. بەدرێژایی ڕۆژگاری سەدەکانی ناوین خەڵکی تێدا ژیاوە و لەسەدەی نۆزەدەهەمدا شارەکە گەیشتە ترۆپکی گەشە و سەرکەوتنی. زۆربەی نەخشەی ڕایەڵەی شارەکە و ژێرخانەکەی هەر لە سەدەی نۆزدەهەمدا دروستکراوە بە بەکارهێنانی بەرد و تەکنیکە تەقلیدیەکانی بیناسازی.

    دیمەنە گشتیەکانی بەسەر میدیاتدا

    ژمارەیەك بینا و دیمەنی جاددە لەناو میدیات

    کڵێسای بێسێڵ ("کڵێسای پروتێستانتی")

    مۆر شاربیل

    مزگەوتی جەڤات پاشا

    ئەمڕۆ هەروەك دەزانرێت، شاری میدیات لەهەردوو دیوی شێوە هێڵێكی ستونیدا دروستکراوە و بەسەر دوو بەشی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا دابەشدەبێت. ئەم شارە لە یەکگرتنی شارۆچکەی میدیات، لەبەشی ڕاستەوە، و شارۆچکەی ئەستێل، لە ڕۆژئاواوە، دروستبووە. بەشە کۆنەکەی شاری میدیات بە جادەیەك دەووردراوە کە لە هەندێك شوێندا جادەکە بەرزدەبێتەوە، ئەم بەشە بەرزانە لە دواییدا دروستکراون. ئەم جادەیە بەشێوەیەکی سروشتی ئاسا شۆر پێچاو پێچ و لول پێچە و ژمارەیەك تاقی کەوانەیی شێوە پردئاسای تێدایە (ئەباراس). هەرچەندە کۆمەڵگاکە زۆر کۆنترە، بەڵام ئەو بینایانەی کە ئێستا ماون مێژوەکەیان بۆ سەدەی نۆزدەهەم و دواتر دەگەڕێتەوە. خانوەکان بەیەکەوە لکاون و ڕاستەوخۆ لە تەنیشتەکانەوە بەشێوازێك نوساون بەیەکەوە، کە ڕایەڵەی نەخشەسازی شارەکە زۆر بە جوانی تێکەڵ دەبێتەوە لەگەڵ دیمەنی سروشتی شوێنەکە. زۆربەی بیناکان ڕوویان لە بەشی باشورە و بەسەر دەشتەکەی بەردەمی شوێنەکەدا دەڕوانن. خانوەکان لە قسڵەبەرد دروستکراون (Limestone) کە هەر لەو ناوچەیەدا، لە نزیکی ماردین بوونیان هەیە.

    تیمی MMM دۆکیومێنتی هەڵبژاردەیەك لە بینا مێژوییەکانیان کردووە لە ماوەی سەردانەکەیان لە ساڵی 2015 دا. هەتا ئەم دواییانە، زۆرینەی دانیشتوانی میدیات مەسیحی بوون، بۆیە منارەی کۆمەڵێك کڵێسا لە سەرانسەری شارە کۆنەکەدا دەبینرێن. کڵێسای مۆر شمونی (دێری یان کڵێسای گەورەی شارەکە) و کڵێسای مۆر بارساومۆ نزیکترینن لە ناوەڕاستی شارەکەوە. مێژووی هەردوو کڵێساکە بۆ سەدەکانی ناوین دەگەڕێتەوە، بەڵام لە سەدەی نۆزدەهەمدا بنیاتنراونەتەوە، و کڵێسای مۆر بارساومۆ لە ساڵانی 1940ەکاندا نۆژەنکردنەوەیەکی تەواوی بۆ کراوە. منارەی کڵێسای مار فیلۆکسینۆس (مۆر ئاخسنۆیۆ)، کە دەکەوێتە قەراخی باشوری ڕۆژهەڵاتی شارەکەوە، زیاتر بەرچاوە. ئەم کڵێسا کۆنەیان سەرەتای بنیاتنانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەکانی ناوین. لە ساڵی 1909دا، گێرترود بێڵ وێنەی پاشماوەکانی سترەکچەری ئەم کڵێسایەی گرتووە؛Bell and Mundell Mango 1982, pls. 169–175; see also pp. 19–20, 51, and 131 بەڵام لە ئێستادا کڵێساکە بەتەواوی بنیاتنراوەتەوە.   

    دوو کڵێساکەی تریش دەکەونە لێواری بەشی ڕۆژهەڵاتی شارەکەوە. کڵێسای یالداس ئالەها یان کڵێسای بێسێڵ (کە کڵێسایەکی پرۆتێستانتیە) دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی شارەوە. خەرجی بنیاتنانی کڵێساکە لە لایەن نێردراوە (تەبشیری) ئەمریکیە مەسیحیەکانەوە دابینکربوو لە سەرەتای ساڵانی 1900ەکاندا، لە پێش جەنگی یەکەمی جیهان.
    کڵێسای مۆر شاربیل، کە دەکەوێتە نێوان کڵێسای مۆر ئاخسنۆیۆ و کڵێسای بێسێڵ، تا ڕادەیەك کڵێسایەکی نوێیە لەناو کڵێساکانی شاری میدیاتدا. ئەم کڵێسایە لە پاش جەنگی جیهانی دووەم دروستکراوە و تەکنیکە تەقلیدیەکانی دروستکردنی بینای تێدا بەکارهاتووە. لەو چەند مزگەوتەی کە لە شاری میدیاتدان، مزگەوتی جەڤات پاشا نزیکترین مزگەوتە لە ناوەڕاستی شارە کۆنەکەوە. ئەم مزگەوتە لە سەردەمانی پاش جەنگی دووەمی جیهاندا دروستکراوە. هەندێك مزگەوتی کۆنتریش هەن لە ناوچەی ئەستێل.
    لە شاری میدیات دوو بینای لێیە کە لەسەر شێوازی کاروانسەرایی دروستکراون، و ئەو دوو بینایەش زۆر نزیکن لە یەکەوە. یەکێکیان ناوی هایڤان هانی یە و ئەوی تریش گەلوشکە هانی. ئەمەی دووهەمیان،  وەك ئوتێل لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا دروستکراوە. لە ماوەی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا (پێش جەنگی یەکەمی جیهان)، کۆمەڵێك خانوی مێژووی لەسەرانسەری شارەکەدا دروستکران. ئەم خانوانە نمونەیەکی زۆر جوانی بیناکاری بە بەرد و هونەری ڕازاندنەوە بە هەڵکۆڵێن نیشاندەدەن. ئەم نمونەیەی لێرەدایە، بینایەکە کە لە ئێستادا وەکو سەنتەری کولتوری شارەکە بەکاردەهێنرێت (ماڵی کولتوری میدیات چەڤرە). کۆمەڵێك بینای تازەی لە کۆنکرێتی دەوری چەقی مێژووی شاری میدیاتیان داوە (دیمەنی شارەکە ببینە).

    سەرچاوە گشتیەکانی 'تاریف و سیمبول و دیمەنە هونەریەکان':Sinclair 1989, 315–317; Hollerweger et al. 1999, 94–107; Yanmaz 2001; Dalkılıç 2012.

    وا دەردەکەوێت کە شاری میدیات لە سەردەمانی ئیمپراتۆریەتی ئاشوری نوێوە خەڵکی تێدا نیشتەجێ بوبێت. ئەم شارە لە ناوی شوێنی هەڵکۆڵراوە بزماریەکاندا وەکو ماتیاتێ ناسێندراوە.1 هەڵکۆڵینێکی ئاشورناسیرپاڵی دووەم، کە پادشایەکی ئاشوریەکان بووە، ئەوە دەردەخات کە لە کاتی هێرشەکانیدا لەم هەرێمەدا ( لە ساڵی 879ی پێش زاین)، شارەکە کەوتووە و ئەم پادشایە مۆنۆمێنتێکی هەڵکۆڵراوی لەم شوێنەدا دروستکردووە (بەڵام ئێستا شوێنەکەی نازانرێت).2 بەدەر لەمە، هیچ شتێك لە مێژووی میدیات نازانرێت لە مێژووی کۆندا چونکە هیچ کنەو هەڵکۆڵینێکی شوینەوارناسیش لەم شوێنەدا نەکراوە. مێژووی ئەم شارە لە سەدەکانی ناوینیشدا هەر بە هەمان شێوە نادیارە، زۆربەی ئەوەی لەسەر ئەم شارە دەزانرێت، تەنها لەڕێگەی سەرچاوە پچڕ پچرەکانی کڵێساکانەوەیە لەماوەکانی نێوان کۆتاییەکانی پێش سەدەکانی ناوینەوە بۆ سەدەی پانزەهەمی زاینی.3

    لە سەردەمی عوسمانیەکاندا، میدیات بوو بە قەزایەکی سەر بە لیوا (سەنجاق) ی ماردین. ئەو گەشتیارانەی کە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمی زاینیدا بە میدیاتدا تێپەڕیون، وەسفی ئەم شارەیان بە شارێك کردووە کە نزیکەی 450 خێزانی لێدەژی، و شوێنێکی نیشتەجێبوونی بچوکە، و خانوەکانی لە بەرد دروستکراون.4 ئەم شارە قوتابخانەیەکی لێبوو تایبەت بە بەردتاشین، و بەردتاشەکانی ئەم قوتابخانەیە چالاك بوون لە میدیات، و ماردین، و شارە نزیکەکانی تر.5 ئاشکرایە کە دواتر هەر لە سەدەی نۆزدەهەمدا، زۆر بە خێرایی، کۆمەڵێك بینای زۆر لە میدیات دروستکران. ساڵی 1890 دا، ژمارەی دانیشتوانی شارەکە، بە نزیکەیی، زیادی کردبوو بۆ 6000 کەس- و هۆڵێکی گەورە و چەندین کۆشکی تێدابوو بۆ نیشاندانی پێگەی سامان و دەوڵەمەندی زۆرێك لە دانیشتوانی شارەکە.     

    لە زۆربەی مێژووی شارەکەدا، دانیشتوانی میدیات زۆرینەیان مەسیحی بوون، و زۆرینەی ئەم مەسیحیانە سەر بە کڵێسای مەسیحی یەعقوبیەکان بوون، بەڵام گروپەکانی تریش هەر چالاك بوون. لە سەدەی چواردەهەمدا، وەك ناوچەیەك لە بەڕێوەبردنی کڵێساکانی مەسیحیدا ناونراوە. لە سەردەمانی عوسمانیەکاندا، موسڵمانەکان لە نزیکی ئەستێل دەژیان. شاری میدیات کاولکاری زۆری بەسەرداهات لە ململانێی ساڵانی سەردەمانی جەنگی یەکەمی جیهان. زۆرێك لە دانیشتوانەکەی گیانیان لە دەستدا و بینا مێژووییەکانی خاپورکران. لە ساڵانی 1930کاندا، بنیاتنانەوە دەستیپێکردەوە. زۆر لە بینا گەورەکانی بە بەکارهێنانی میتۆدە نەریتیەکان دروستکرانەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دروستکردنی بینای مۆدێرنەکانیش دەستیان بە دەرکەوتن کرد. ماوەیەکی کەم لە پاش جەنگی دووەمی جیهان، میدیات و ئەستێل بوون بە یەك شارەوانی. دانیشتوانە مەسیحیەکانی شارەکە، ووردە ووردە ژمارەیان ڕووی لە کەمی کرد لە سەدەی بیستەمدا. لە ساڵانی 1970ەکاندا، کۆچکردنی مەسیحیەکان لەم شارە گەیشتە ترۆپك. بەڵام هێشتا میدیات وەکو ناوەندی مەسیحیە یەعقوبیەکانی تورابدین ماوەتەوە، ڕۆڵی ئەم شارە هێشتا بەقەد رۆڵی مۆر گابریێل نزیکی بە بایەخە. شارەکە، کە ژمارەی دانیشتوانەکەی 50،000 کەسە، ناوەندی بەڕێوەربردنی هەرێمیە (ئیلچە).

    • 1. ووردتر، ئەم ناوە لە هەڵکۆڵینە شاهانەییەکانی ئاشورناسیرپالی دووەم و شلمناسری سێیەم دۆزراوەتەوە؛ سەیری Radner 2006, 291 بکە.
    • 2. ئەم هێرشە لە تابلۆی ڕووداوە گرنگەکان 'Annals' دا هەڵکۆڵراوە لەسەر دیوار و سەر زەمینی پەرستگای نینورتا لە نەمرود، لەسەر دوو تابلۆی قوڕین، پەیکەری بەردینی نەمرود 'نەمرود مۆنۆلیس' لەبەردەم دەروازەی هەمان پەرستگا دانرابوو لەگەڵ 'کۆرخی مۆنۆلیس' کە لە بەشی سەرەوەی ڕووباری دیجلە لە کۆرخ دۆزراوەتەوە (Radner 2006, 287).
    • 3. سەیری esp. Takahashi 2011 بکە.
    • 4. Badger 1852 (1), 54–56
    • 5. سەیری Tomas Çerme, “Taşçılık zanaatı ve mimarisiyle Mardin şehri,” Tarih ve Toplum 200 (2000): 15–18 بکە.

    سەرچاوە گشتیەکانی 'مێژوو': Cuinet 1891, 514–516; Anschütz 1975, 181–182; Hollerweger et al. 1999, 94–107; Radner 2006

    میدیات، وەك شاری ماردینی نزیکی، شوێنێکی دڵخوازی گەشتیاران نەبوو. جۆرج پێرسی باجەر، کە ڕۆژێك لە میدیات ماوەتەوە لە سالانی 1840ەکاندا،1 تۆمارێكی زۆر ووردی بیروبۆچونی خۆی لەسەر ئەم شارە بەجێهێشتووە. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا، لە لێکۆڵینەوەکانی ناوچەی تورابدیندا ناو و زانیاری وورد لەسەر تۆپۆگرافیا و مەزارگەکانی میدیات دەرکەوتن. بە تایبەتی کاتێك گێرترود بێڵ لە ساڵی 1909 دا سەردانی شوێنەکەی کرد و وێنەی فۆتۆگرافی کڵێسا مێژووییەکانی شارەکەی گرت (وەکو وێنەی پاشماوە بە جێماوەکانی سەدەکانی ناوینی مار فیلۆکسێنۆس، کە لە ئێستادا بە تەواوی دروستکراوەتەوە).2

    • 1. Badger (1), 54–56.
    • 2. Bell and Mundell Mango 1982, 19–20, 51, and 131, pls. 169–175; see also Socin 1881, 256–258.

    Anschütz, Helga. 1975. “Einige Ortschaften des Tur ‘Abdin im sudösten der Türkei als Beispiele gegenwärtiger und historischer Bedeutung.” Zeitschrift der Deutschen Morgenländischen Gesellschaft, Suppl. 3 (1): 179–193.

    Badger, George Percy. 1852. The Nestorians and Their Rituals. 2 vols. London: J. Masters.

    Bell, Gertrude, and Marlia Mundell Mango. 1982. The Churches and Monasteries of the Tur ‘Abdin. London: Pindar. Reprint, with new preface, notes, and catalogues, of Gertrude Bell’s The Churches and Monasteries of the Tur ‘Abdin (1910) and Churches and Monasteries the Tur ‘Abdin and Neighboring Districts (1913).

    Dalkılıç, Neslihan. 2012. “The Architectural Analysis of Traditional Houses of Midyat-Mardin, Turkey.” International Journal of Academic Research 4 (2): 10–31.

    Hollerweger, Hans, et. al. 1999. Turabdin: Living Cultural Heritage. Linz: Freunde des Tur Abdin.

    Radner, Karen. 2006. “How to Reach the Upper Tigris: The Route through the Tūr ‘Abdīn.” State Archives of Assyria Bulletin 25: 273–305.

    Sinclair, Thomas A. 1989. Eastern Turkey: An Architectural and Archaeological Survey. Vol. 3. London.

    Socin, Albert. 1881. “Zur Geographie des Tur ‘Abdīn.” Zeitschrift für Deutsche Morgenländische Gesellschaft 35: 237–269.

    Takahashi, Hidemi. 2011. “Midyat.” In Gorgias Encyclopedic Dictionary of the Syriac Heritage: Electronic Edition, edited by Sebastian P. Brock, Aaron M. Butts, George A. Kiraz and Lucas Van Rompay. https://gedsh.bethmardutho.org/Midyat.

    Yanmaz, Sezin. 2001. “Bir tasarım objesi olarak geleneksel Midyat evi.” Ph.D. Diss., Istanbul Technical University [in Turkish].

    ناوەڕۆك
    ماسیۆ پیبڵز (2020)